2 کاتژمێر پێش ئێستا
146 جار خوێنراوەتەوە
کاروانى (خۆڕاگرى) گەیشتووەتە سنوورى تورکیا - عێراق و ڕێگەى لێ گیراوە
قافڵەی «خۆڕاگری» کە لە چالاک و هاووڵاتیی ٢٠ وڵات پێک هاتووە، بەمەبەستی گوشارخستنە سەر قەوارەى ئیسرائیل بەرەو سنووری ئوردن و فەلەستین کەوتووەتە ڕێ، بەڵام بە بڕیارى حکومەتى عێراق لە دەروازەی سنووریی ئیراهیم خەلیلى نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، ڕێگری لە چوونەژوورەوەی بۆ ناو عێراق لێ کراوە.
ئەم کاروانە کە لە زیاتر لە ٣٥٠ بەشداربوو پێک هاتووە، بە یاوەریی چەندین بارهەڵگر هاوکاری، پاس و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، گەشتەکەی لە کۆمارى بۆسنەوە دەست پێ کردووە و لە ڕێگەی یۆنان و تورکیاوە گەیشتووەتە سنوورى عێراق.
ئامانجی سەرەکیی کاروانەکە تێپەڕبوونە بەناو خاکی ئوردندا بۆ گەیشتن بە سنووری هاوبەشی ئوردن و فەلەستین لە نزیک کەنارى خۆرئاوا، تاوەکو لەوێوە گوشار بۆ سەر قەوارەى ئیسرائیل دروست بکەن بەمەبەستی ڕاگرتنی دەرستدرێژییە سەربازی و ئەمنییەکانی لە کەنارى ڕۆژئاوا.
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان، پێشتر هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی تورکیا و عێراقدا کراوە، بۆ ئەوەى ئاسانکاری بۆ تێپەڕینی کاروانەکە بکرێت. هاوکات کاروانەکە ڕۆژی ڕابردوو بە سەرکەوتوویی لە دەروازەی سنووریی تورکیاوە پەڕیوەتەوە، بەڵام لە کاتی گەیشتنی بە دەروازەی سنووریی عێراق و بەبیانووى نەبوونی مۆڵەتی فەرمی، لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێگری لە چوونەژوورەوەی کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن حکومەتی ئوردن فشار دەخاتە سەر بەغداد بۆ ڕێگری لە بەردەوامبوونی گەشتی ئەم قافڵەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، تاکو ئێستا هەوڵە هەمەلایەنەکان بۆ تێپەڕبوونى کاروانەکە بە خاکى عێراقدا بێئەنجامن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە