1 کاتژمێر پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
جێگری سەرۆكی پەرلەمان: كێشەی بەغدا و هەرێم لە مووچە و بودجە فراوانترە
پەیام
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت: كێشەی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و هەرێم فراوانترە لە مووچە و بودجە.
لە وتەیەكیدا لە كۆنگرەی دیالۆگی بەغداد، عەدنان فەیحان جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند: هەندێك بۆچووانیان وایە كە كێشە لەگەڵ هەرێمی كوردستان تەنیا پەیوەستە بە مووچە و بودجەوە، بەڵام بابەتەكە لەوە فراوانترە.
ئەو وتیشی: هەندێك بابەتی دیكە هەیە، لەوانە بەڕێوەبردنی سنوور و خاڵە سنوورییەكان، جگە لەوەش هەرێمی كوردستان یەك بڕگە لە بودجەی سێ ساڵەی جێبەجێ نەكردووە.
بەپێی قسەی عەدنان فەیحان چارەسەری ناكۆكییەكان بەوە دەبێت هەرێمی كوردستان سیاسەتی خۆی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵییدا بگۆڕێت، ئەو وتیشی: ئێمە كێشەمان لە كێڵگە نەوتییەكاندایە كە بە بێ گەڕانەوە بۆ ناوەند لەلایەن هەرێمەوە بەڕێوە دەبرێت.
لەبارەی مووچەشەوە جەختی كردەوە كە پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە كێشمەكێشمی سیاسی دوور بخرێتەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕەتی كردەوە شەڕی شیعە ـ شیعە دروست ببێت و بە پێچەوانەی سەرۆكی ئەنجوومەن ڕایشیگەیاند: كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا پێویستی بە یاسا هەیە.
لەبارەی یاسای ڕاژە و خانەنشینیی حەشدی شەعبییشەوە وتی: پێشبینیی دەكەین لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا بگاتە پەڕلەمان، ئەو كات 300% دەنگی لەسەر دەدرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە