1 کاتژمێر پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ: هێزەکانمان یاوەریی زیاترلە هەزار كەشتییان لە گەرووی هورمز كردووە
پەیام
سەرۆكی ئەمریكا بانگەشەی ئەوە دەكات كە هێزە دەریاییەكانی وڵاتەكەی بە مەبەستی مسۆگەركردنی تێپەڕبوونی سەلامەتیان بە گەرووی هورمزدا یاوەریی زیاتر لە هەزار كەشتیی بازرگانی و نەوتهەڵگریان كردووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ ڕایگەیاند: هێزە دەریاییەكانمان یاوەریی زیاتر لە هەزار كەشتیی بازرگانی و نەوتهەڵگریان لە تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا كردووە.
هاوكات سێ بەرپرسی ئەمریكی پشتڕاستیان كردەوە كە تەنها لە شەوی هەینیدا 40 كەشتیی نەوت بەم ڕێڕەوەدا هاتووچۆیان كردووە و 16 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە ڕێگەی "كەناڵی باشوور"ـی نزیك عومانەوە گواستووەتەوە.
گرتنەبەری ئەو ڕێڕەوە بۆ دووركەوتنەوە بووە لە بەشی باكووری گەرووەكە كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێراندایە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
هاوكات كریس ڕایت وەزیری وزەی ئەمریكا جەختی كردەوە لەوەی وڵاتەكەی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرز كردووەتەوە و ئێستا گەورەترین بەرهەمهێنەری وزەیە لە جیهاندا.
سەرەڕای بانگەشەكانی ئەمریكا لەبارەی گەرووی هورمزەوە جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووەكەدا تەنیا 20ـی ئاستی پێش جەنگی تۆمار كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە