1 کاتژمێر پێش ئێستا
179 جار خوێنراوەتەوە
ڕووسیا: نزیكەی 20 هەزار چەكداری كرێگرتە لە ئۆكرانیادا هەن
پەیام
ڕووسیا ئامارێكی نوێی چەكدارانی كرێگرتەی لایەنی ئۆكرانی بڵاو كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: هەزاران هاووڵاتی وڵاتانی هەژار لە بەرژەوەندی هێزەكانی ئۆكرانیا دەجەنگن.
رودیون میروشنیك، نێردەی ئەركە تایبەتەكان لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: لەئێستادا ژمارەی ئەو چەكدارە كرێگرتانەی لە بەرژەوەندی هێزەكانی ئۆكرانیا دەجەنگن لەنێوان 16 بۆ 20 هەزار چەكدارە.
وتیشی: 30 هەزار چەكداری بەكرێگرتە لەناو هێزە چەكدارەكانی ئۆكرانیا خزمەتیان كردووە، هەندێكیان كوژراون و ژمارەیەكیان لەدوای ماوەیەك خزمەت ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایشیگەیاند: ئۆكرانیا پەنای بردووە بۆ وەرگرتنی چەكداری بەكرێگرتە لە وڵاتانی زۆر هەژار، دانیشتووانی ئەو وڵاتانە بۆ دەستكەوتنی بژێوی ژیانیان بە ئاسانی ئەو كارە قبووڵ دەكەن.
بەپێی قسەی بەرپرسەكەی ڕووسیا "ئۆكرانیا باڵیۆزخانەكان و كونسوڵخانەكانی بۆ وەرگرتنی چەكداری كرێگرتە بەكار هێناوە".
پێشتریش ئۆكرانیا و ڕاپۆرتە هەواڵییەكان چەندین جار ڕووسیایان بە بەكارهێنانی كرێگرتە لە جەنگی ئەو وڵاتە ئۆكرانیا تۆمەتبار كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە