1 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
دادگایەكی ئەمریكا بڕیارەكەی ترەمپى بۆ ڕاگرتنی ڤیزای كۆچبەری هەڵوەشاندەوە
پەیام
دادگایەكی فیدڕاڵی لە ویلایەتی نیویۆركی ئەمریكا بڕیارێكی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بۆ ڕاگرتنی ڕێكارەكانی پێدانی ڤیزای كۆچبەریی بە هاووڵاتییانی 75 دەوڵەت هەڵوەشاندەوە و سیاسەتەكەی بە «پێچەوانەی یاسا» ناوبرد.
جینێت ڤارگاس، دادوەری دادگای فیدراڵی ڕایگەیاند: سیاسەتەكەی ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ڕەتكردنەوەی پێدانی ڤیزا بە داواكارانی شایستە بەبێ هیچ بنەمایەكی یاسایی، بەزاندنی دەسەڵاتەكانە و پێچەوانەی یاسای كۆچبەری و ڕەگەزنامەی ئەمریكایە.
ئەو دادوەرە جەختیشی كردەوە كە بڕیارەكەی ئیدارەی كۆشكی سپی دەسەڵاتی كۆنگرێس پێشێل دەكات، لە كاتێكدا كۆنگرێس دەسەڵاتی تەواوی داوەتە فەرمانبەرانی كونسوڵخانەكان بۆ هەڵسەنگاندنی شایستەیی داواكاران بەپێی پێوەرە یاساییەكان، نەك قەدەغەكردنی گشتگیر لەسەر بنەمای ڕەگەزنامە.
ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە هات كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە بڕیارێكی فراوان مامەڵەی پێدانی ڤیزای كۆچبەری بۆ هاووڵاتییانی 75 دەوڵەت ڕاگرت، لەنێویاندا ئەفغانستان، ئێران، ڕووسیا و سۆماڵ، بەو پاساوەی زیاتر لە سەدا 30ی خێزانی كۆچبەرانی ئەو دەوڵەتانە لە ئەمریكا پشت بە هاوكارییە گشتییەكان دەبەستن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە