1 کاتژمێر پێش ئێستا
115 جار خوێنراوەتەوە
جوڵهی بازرگانی له هورمز بۆ نزمترین ئاستی له سێ مانگی ڕابردوو دابهزیوه
پهیام
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "کپلەر" تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا بۆ نزمترین ئاستی له سێ مانگی ڕابردوو دابەزیوه، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی سزای نوێی ئابووریی ئەمەریکا بەسەر تاراندا.
بەپێی داتا بەراییەکانی کۆمپانیای "کپلەر" بۆ چاودێریکردنی کەشتییەکان، ڕۆژی دووشەممە تەنها یەک تانکەری زەبەلاحی غاز لە کەنداوی عومانەوە چووەتە ناو گەرووەکەوە، بەراورد بە تێپەڕبوونی شەش کەشتیی جۆراوجۆر لە ڕۆژی پێشتردا. ئەم ژمارەیە کەمترین ئاستە لە حەوتی ئایاری ڕابردووەوە، هەرچەندە پێدەچێت ئامارەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، چونکە بەشێک لە کەشتییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیاندا ئامێرەکانی شوێندۆزینەوە و پەیوەندی دەکوژێننەوە.
ئەم سستبوونەی جووڵەی بازرگانی لە کاتێکدایە کە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، پاکێجێکی نوێی سزاکانی بۆ سەر ٦٠ کەس و، قەوارە و کەشتیدا ڕاگەیاند. وەزیرە ئەمەریکییەکە هۆشداری دا کە هەر وڵاتێک بەردەوام بێت لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران، مەترسیی دوورخستنەوەی لە سیستەمی دارایی جیهانیی و دۆلار لەسەرە.
لە بەرامبەردا، ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازی و ئاستەنگ دروستکردن بۆ جووڵەی بازرگانی دەکات لە ئەگەری هەر هەنگاوێکی ئابووریی ئەمەریکا.
عەلی مەدەنی زادە، وەزیری ئابووریی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەتەواوی بۆ سزاکانی ئەمەریکا ئامادەیە و متمانەی بە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی هەیە کە بەرپەرچی ئەو فشارانە دەدەنەوە.
ئەم پێشهاتانەش پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی جەنگ دژی ئێران دێن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتنی ململانێکان لە ئارادا بێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە