2 کاتژمێر پێش ئێستا
160 جار خوێنراوەتەوە
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: تەنیا ئێران و عومان ڕێڕەوی هورمز ڕێکدەخەنەوە
پەیام
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، گەڕانەوەی ئاسایشی دەریایی بۆ گەرووی هورمز پەیوەستە بە کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتەکەی.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی هاتوچۆی دەریایی لەو ناوچە ستراتیژییەدا، دەگەڕێتەوە بۆ کردەوە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دژی تاران. جەختیشی لەوە کردەوە کە تەنیا ڕێگە بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و ئاسایشی دەریایی، بریتییە لە ڕاگرتنی ئەو هەنگاوانە، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی ئێران.
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز، ئیرەوانی ڕوونی کردەوە کە دانانی هەر جۆرە ڕێوشوێن و میکانیزمێک بۆ ئەو مەبەستە، تەنیا لە دەسەڵاتی هەردوو وڵاتی هاوسنووری گەرووەکەدایە کە بریتین لە ئێران و عومان، و هیچ لایەنێکی دیکە بۆی نییە دەستوەردان لەو پرسەدا بکات.
لە کۆتایی وتەکانیدا، نوێنەرەکەی ئێران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕێوشوێنە تاکلایەنەکانی ئەمریکا ڕەتبکەنەوە و سەرکۆنەی بکەن، کە ئامانج لێیان ناچارکردنی وڵاتانە بۆ ملکەچبوون بە سیاسەتەکانی واشنتن. هەروەها هۆشداریی دا کە هەر وڵاتێک ئاسانکاری بۆ کردەوەی سەربازیی نایاسایی دژی ئێران بکات، دەبێت لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە