1 کاتژمێر پێش ئێستا
50 جار خوێنراوەتەوە
پزیشكیان: ئێران نەك هەر نەڕووخا، بەڵكو جیهانیشی سەرسام كرد
پەیام
سەرۆككۆماری ئێران ڕایگەیاند: ئێران نەك نەبووە ڤەنزوێلا، بەڵكو جیهان لە ئاست دەسەڵات و خۆڕاگری گەلەكەماندا سەری سوڕما.
مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران لە ڕێوڕەسمی "نوێكردنەوەی پەیمان" لەگەڵ ئامانجەكانی خومەینیدا ڕایگەیاند: دوژمنان پێیان وابوو بەهۆی گوشارەكانەوە ئێران دەڕووخێت، بەڵام یەكگرتوویی گەلەكەمان جیهانی تووشی سەرسوڕمان كرد.
ئاماژەی بەوەش كرد "پلانی نەیاران ئەوە بوو ئێران وەك ڤەنزوێلای لێ بێت، بەڵام ئێستا وڵات وەك هێزێكی گەورە لە بەرانبەر هەموو هەڕەشەكاندا وەستاوەتەوە".
پزیشكیان جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی لە ناوەڕاستی جەنگێكی هەمەلایەنەی ئابووری، سەربازی و ئەمنیدایە و وتی: "دوژمنان بە ئاشكرا دەڵێن توندترین و ترسناكترین سزاكانمان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام ئێمە بەردەوامین و تا كۆتا هەناسە خزمەتكاری خەڵك دەبین."
لە كۆتاییدا سەرۆككۆماری ئێران ئاشكرای كرد كە دوژمن هەموو هیوایەكی لەسەر دروستكردنی دووبەرەكی و لێكترازانی كۆمەڵگەی ئێرانی بەستووە، بۆیە پێویستە هەمووان لە ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی دوور بكەونەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم جەنگە نایەكسانە ببنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە