60 خولەک پێش ئێستا
120 جار خوێنراوەتەوە
کۆمپانیای ئاسیاپەی بە فەرمی پرۆگرامی کارتەکانی ماستەرکاردی ڕاگەیاند
کۆمپانیای ئاسیاپەی بە فەرمی پرۆگرامی کارتەکانی ماستەرکاردی ڕاگەیاند، بە مەبەستی بەستنەوەی جزدانی ئەلیکترۆنیی بەکارهێنەرانی لە عێراق بە تۆڕی پارەدانی جیهانی و ئاسانکاری لە ئەنجامدانی مامەڵە داراییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.
لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییە نوێیەدا، کۆمپانیاکە سێ جۆری سەرەکی لە کارتەکانی ماستەرکارد دەخاتە ڕوو کە بریتیین لە: "ئۆنلاین"، "پلاتینیۆم"، و "ۆرڵد".
بەرهەمهێنانی ئەم کارتانه بەپێی مۆڵەتی فەرمیی کۆمپانیای ماستەرکاردی جیهانی و بە ڕەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق بەڕێوەدەچێت. کارتەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە جزدانی ئاسیاپەی و بەکارهێنەران دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەتی کۆمپانیاکەوە تەواوی ڕێکخستنەکان، چالاککردن، و چاودێریکردنی سات بە ساتی مامەڵەکانیان بەڕێوەببەن.
کارتە نوێیەکان ئەگەری پارەدان لە فرۆشگاکان، کڕینی ئۆنلاین، راکێشانی پارە لە ئامێرەکانی ATM، و ئەنجامدانی مامەڵە بە دراوە جیاوازەکانی جیهان دابین دەکەن.
هەروەها وەک ئۆفەرێکی دەستپێک، ئاسیاپەی ڕایگەیاندووە کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کارتی فیزیکیی پلاتینیۆم بە بێبەرانبەر پێشکەشی خوازیاران دەکرێت، لە کاتێکدا کرێی ئاسایی دروستکردنی ئەو کارتە ۳٥,٠٠٠ دیناری عێراقییە.
تەواوی پرۆسەکانی چەسپاندنی ناسنامەی کەسی و بەرهمهێنانی کارتەکان لە ناوەندی تایبەتی چاپکردنی کارت لە کۆمپانیای ئاسیاپەی ئەنجام دەدرێن. ئەم ناوەندە کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق و ماستەرکاردەوە دانپێدانراوە، توانای تەواو دەبەخشێتە کۆمپانیاکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایش، بەرزکردنەوەی کوالێتی، و خێراکردنی کاتی ڕادەستکردنی کارتەکان بە بەکارهێنەران.
زرنگ فاروق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاپەی، ئاماژەی بەوە دا ئامانجی ئەم هەنگاوە دابینکردنی شێوازێکی ئاسانتر و ئارامترە تا بەکارهێنەران لە سەرانسەری عێراقدا بتوانن پارەدانی ڕۆژانەیان بە جیهانەوە ببەستنەوە. ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە ئەم ئینتیگریشنەی نێوان جزدانی ئاسیاپەی و ماستەرکارد ڕێگە دەدات بەکارهێنەران بە هەمان ئەو پلاتفۆڕمەی متمانەیان پێیەتی، پارەکانیان لە سەر ئاستی ناوخۆ بەڕێوەببەن و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەکاریبهێنن.
کۆمپانیای ئاسیاپەی لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و بنکەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە، وەک یەکێک لە یەکەمین کۆمپانیا نا-بانکییەکان مۆڵەتی لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە داراییە دیجیتاڵییەکان. خستنەڕووی ئەم پرۆگرامە نوێیەش بەشێکە لە ستراتیژی کۆمپانیاکە بۆ فراوانکردنی ژێرخانی ئابووریی دیجیتاڵی لە عێراق و پەیوەستکردنی بە تۆڕە داراییەکانی جیهان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە