59 خولەک پێش ئێستا
120 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: دوو کەشتی بەهۆی بەرکەوتنیان بە مین ئاگریان تێبەربووە
پەیام
لـە گەرووی هورمز دوو کەس لە کەشتییەکی سعوودیدا گیانیان لەدەست دا، لەسەر هەمان ڕووداو سوپای پاسـداران ڕایگەیاندووە دوو کەشتییەکە بەهۆی بەرکەوتنیان بە مین ئاگریان تێبەربووە.
کۆمپانیای نیشتمانیی سعوودیە بۆ گواستنەوەی دەریایی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، لــە میانی تێپەڕبوونی کەشتیی "سدر" بە گەرووی هورمزدا لە ٣١ی ئاب، کەشتییەکە تووشی ڕووداوێک بووە و بەهۆیەوە دوو کەس لە تیمەکەی گیانیان لەدەست داوە.
لەبەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند ئاگر لە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کەوتووەتەوە کە بە ڕێڕەوێکی نایاسایی گەرووی هورمزدا تێپەڕیون. بەپێی بەیاننامەکەی سوپای پاسداران، ئەو دوو نەوتهەڵگرە دوای بەرکەوتنیان بە مین لەکار کەوتوون و وەستاون، هێزە ئێرانییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە پێشتر هۆشدارییان داوە لە مەترسییەکانی تێپەڕبوون بەو ڕێڕەوە مینڕێژکراوەی ناو گەرووەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، سوپای پاسداران پەیامێکی توندی داوە و دووپاتی کردوەتەوە هەڵمەتەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک نابنە هۆی لاوازکردنی کۆنتڕۆڵ و باڵادەستیی هێزەکانیان بەسەر گەرووی هورمزدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە