1 کاتژمێر پێش ئێستا
206 جار خوێنراوەتەوە
ئێران ئاماری کوژران و برینداربوونی ڕاگەیاند
پەیام
بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران لانی کەم ١١ کەس کوژران.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، شەوی سێشەممە لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، ٧ کەس کوژران و ٨ی دیکەش بریندار بوون. هەروەها، لە شارۆچکەی کۆهستاک لە پارێزگای هورمزگانی باشووری ڕۆژهەڵات، ٥ کەسی دیکە لە کاتی بەشداریکردنیان لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا کوژراون و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون کە ١٥ لەوانە منداڵ بوون.
لە لایەکی دیکەشەوە، سوپای پاسدارانی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا بۆ سەر پارێزگای کرماشان، چوار ئەندامی هێزە ئاسمانییەکانیان کوژراون، کە بەپێی هەندێک سەرچاوەی هەواڵ ئەو کوژراوانە فڕۆکەوان بوون.
ئەم پێشهاتانە دوای گەورەترین ئاڵوگۆڕی هێرشی سەربازی دێت لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، کە تیایدا ئەمریکا و ئێران گەڕاونەتەوە دۆخی جەنگ.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند هێرشەکانی ڕۆژی سێشەممەیان چەندین ئامانجی سەر بە سوپای پاسدارانیان پێکاوە، لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ڕادار، بنکە و دامەزراوە دەریاییەکان، تواناکانی مینڕێژکردن و پێگەکانی پەیوەندیکردن. لەم نێوەندەدا واشنتن هەڕەشەی وەشاندنی گورزی وێرانکەرتری کردووە.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە هێرشەکان لە نزیک گەرووی هورمز بوون، ئەو ناوچەیەی کە تاران تێیدا هەڕەشە لەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە دەکات کە بەبێ مۆڵەت بەو ڕێڕەوە ئاوییە تەسکەدا تێدەپەڕن.
هاوکات تاران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان لە کاردانەوەی ئەم هێرشانەدا، چەندین پێگە و بەرژەوەندیی ئەمریکایان لە هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە