1 کاتژمێر پێش ئێستا
124 جار خوێنراوەتەوە
عێراق ههناردهی نهوتهكهی زیاتر كردووه
وەزیری نەوت بەرزبوونەوەی توانای هەناردەکردنی نەوت بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕادەگەیەنێت
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند توانای هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵات بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە و لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەو بڕە هەناردە دەکرێت، هاوکات حکومەت پلانی هەیە لە قۆناغی داهاتوودا توانای هەناردەکردن بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە.
باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە عێراق توانیویەتی ڕۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، و ڕوونیشیکردەوە کە پلان هەیە دوای تەواوکردنی هێڵە ستراتیژییەکانی بەرەو فیشخابوور و بانیاس، لە پاڵ دەروازەکانی هەناردەکردن لە گەرووی هورمز، قەبارەی هەناردەکردن بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکرێت؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ٢٩ی ئابی ڕابردوو عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە تەواوکردنی پڕۆژەی هێڵی بۆریی نەوتی ستراتیژی لەسەر هەردوو ڕێڕەوی «بەسرە - حەدیسە - فیشخابوور» و «حەدیسە - بانیاس» دابوو.
عێراق بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکارانی نەوت لە جیهاندا دادەنرێت و خاوەنی یەدەگێکی سەلمێنراوی نزیکەی ١٤٥ ملیار بەرمیلە، بەرزبوونەوەی ئێستای هەناردەکردنیش لە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی بۆ سەر ئێران، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بە ڕێژەی نزیکەی ٦٠٪ پاشەکشەی کردبوو و لە ٣.٣ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ١.٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیبوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە