57 خولەک پێش ئێستا
79 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی گرژییەکانی گەرووی هورمز نرخی بەرمیلێک نەوت ١٠٠ دۆلاری تێپەڕاند
بەهۆی گرژییەکانی گەرووی هورمز لە نێوان ئەمریکا و ئێران، نرخی بەرمیلێک نەوت ١٠٠ دۆلاری تێپەڕاند، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دابەزینی نرخەکان دەدات و گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ چەقیون.
ڕۆژی پێنجشەممە، نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوام بوو و خاوی برێنت لە سەروو ١٠٠ دۆلارەوە جێگیر بوو. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئێران چەند کەشتییەکی کردە ئامانج کە هەوڵی تێپەڕینیان دەدا لە گەرووی هورمز. بەپێی لێدوانی تاران، هێرشەکە کاردانەوە بووە بەرامبەر بە بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتییەکانیان لەلایەن ئەمریکاوە. بەوەش لە سەرەتای مامەڵەکانی ئاسیادا، نرخی خاوی برێنت کە ڕۆژی چوارشەممە بۆ یەکەمین جار لە دوای مانگی تەممووزی ڕابردووەوە ١٠٠ دۆلاری تێپەڕاندبوو، بەڕێژەی ٪٠.٥ بەرزبوونەوەی دیکەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ١٠١.٦٠ دۆلار.
لەو چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی کۆنگرەیەکی نائاسایی کۆمارییەکاندا لە شاری دالاسی ویلایەتی تێکساس، هەوڵ دەدات پشتگیریی لایەنگرانی کۆ بکاتەوە و ڕایگەیاند: "دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکان، نرخی نەوت دادەبەزێت."
پێشبینی دەکرێت بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی و دابەزینی توانای کڕین لە ئەمریکا و سەرانسەری جیهان، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا ببینێت کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا بەڕێوە بچێت. ئەم قەیرانە نوێیەی بازاڕی وزە هاوکاتە لەگەڵ چەقبەستوویی ئەو دانوستانانەی بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە دەکرێن، کە لە ٢٠ی شوباتی ڕابردوودا بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە