55 خولەک پێش ئێستا
117 جار خوێنراوەتەوە
لە لیبیاوە 388 كۆچبەری عێراقی گەڕێندرانەوە و هێشتا ژمارەیەكی دیكەش ماون
پەیام
گەڕاندنەوەی نزیكەی 400 كۆچبەری عێراقی لە لیبیاوە ڕاگەیانرا و بوونی ژمارەیەكی دیكەی كۆچبەریش لەو وڵاتە ئاشكرا كرا.
ئەحمەد سەحاف، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ڕایگەیاند: باڵیۆزخانەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان توانیویەتی 388 كۆچبەری عێراقی بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە لە لیبیاوە بگەڕێنێتەوە.
لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، سەحاف ئاماژەی بەوەش كرد "هەوڵەكانمان بۆ دۆزینەوەی ئەو كۆچبەرە نایاساییانەی لە ناوچەی تاجورا لە ڕۆژهەڵاتی تەرابلوس لەلایەن تۆڕەكانی قاچاخچێتییەوە دەستبەسەر كراون، بەردەوامە".
بەپێی قسەی كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ناوچەی تاجورا بەهۆی سروشتە كشتوكاڵییەكەی و نزیكی لە دەریا، لەلایەن بازرگانانی مرۆڤەوە بۆ شاردنەوەی كۆچبەران بەكار دێت، ئەو وتیشی: باڵیۆزخانە بە هەماهەنگییەكی باڵا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی یەكێتیی نیشتمانی لە تەرابلوس كار بۆ پاراستنی پێویست و تەواوكردنی ڕێكارەكانی گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرانە بۆ عێراق دەكات.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش 33 كۆچبەری دیكەی هەرێمی كوردستان كە بەنیاز بوون لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا و لەوێشەوە بەرەو وڵاتانی دیكەی ئەورووپا كۆچ بكەن، گەڕێنرانەوە و بەپێی زانیارییەكانیش تائێستا لانی كەم 20 كۆچبەری دیكەی كورد لە لیبیا ماون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە