1 کاتژمێر پێش ئێستا
85 جار خوێنراوەتەوە
گروپە چەكدارەكان: بەو مەرجە چەك دادەنێین یاسایەك دابنرێت و هەمووان بگرێتەوە
پەیام
گروپە چەكدارەكان ئامادەن بەو مەرجە چەك دابنێن كە یاسایەكی گشتگیر دابنرێت و هەموو ناوچەكانی عێراق بگرێتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كاری لیژنەی پێكهێنراوی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ گروپە چەكدارەكان، ئاشكرای كردووە كە سەركردەكانی ئەو گروپانە داوای دانانی یاسایەكی گشتگیریان كردووە بۆ كۆكردنەوە و ڕێكخستنی چەك، بە شێوەیەك كە هەموو لایەن و ناوچەكانی عێراق بگرێتەوە، نەك تەنها گروپە چەكدارە شیعیەكان.
ئەو سەرچاوە ئاماژەی بەوە كردووە، گروپە چەكدارەكان داوای ئەوەیان كردووە، كە بابەتی كۆكردنەوەی چەك لە ڕێگەی یاسایەكەوە چارەسەر بكرێت كە پەرلەمانی عێراق دەری دەكات و هەموو جۆرە چەكەكانی دەرەوەی حكومەت بگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش لە قۆناغی داهاتوودا لیژنەیەك بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی یاسای كۆكردنەوە و ڕێكخستنی چەك پێكدەهێنرێت، پاشان ڕەشنووسەكە پێداچوونەوەی یاسایی بۆ دەكرێت و بۆ دەنگدان دەنێردرێت.
بەپێی سەرچاوەكە، پێشنیارەكە چەكی هۆزەكان لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاست، ڕۆژئاوا، چەكی پارتی كرێكارانی كوردستان و هەر چەكێكی دیكەی دەرەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەگرێتەوە.
ئەمە و وادەی 30ی ئەم مانگە بۆ كۆتایی ئەركی هاوپەیمانان و كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت دیاری كراوە، بەڵام هێشتا بەشێكی گروپە چەكدارەكان ڕەزامەنیی كۆتاییان نیشان نەداوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە