1 کاتژمێر پێش ئێستا
88 جار خوێنراوەتەوە
لە ساڵیادی 11ی سێپتەمبەر، ترەمپ ئێران بە یەكەم پشتیوانی تیرۆر ناودەبات
پەیام
لە 25هەمین ساڵیادی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر، سەرۆكی ئەمریكا، ڕایگەیاند: ئێستا لەگەڵ ئێراندا ڕووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی نوێی ئاسایشی نیشتمانیی بووینەتەوە و ئەو وڵاتە یەكەم پشتیوانی تیرۆرە.
لە وتارێكدا كە بە بۆنەی 25هەمین ساڵیادی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری 2001 پێشكەشی كرد دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی ناتوانێت «ساتە خراپەكە»ی ئەو ڕۆژە لەبیر بكات و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئەمریكییەكان دووبارە ناسنامەی وڵاتەكەیان دەدۆزنەوە و دەبێت بەهێز و زیرەك بن.
ئەو وتی: «دڵنیاتان دەكەمەوە كە هەرگیز ئەوەی لە 11ی سێپتەمبەر ڕوویدا لەبیر ناكەین، و ئەمڕۆ بۆ پابەندبوون بەو سوێندە دەجەنگین».
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەمریكا، دوای ئەوەی لە تاقیكردنەوەی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر تێپەڕی، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی نوێ دەبێتەوە، و وتی وڵاتەكەی سەركەوتوویی خۆی لەم تاقیكردنەوەیەدا سەلماندووە.
ترەمپ لە وتارەكەیدا جەختی كردەوە كە ئێران، بەگوێرەی وەسفەكەی، «یەكەم پشتیوانی تیرۆر لە جیهانە»، و دڵنیایی دا كە تاران هەرگیز چەكی ناوكی بەدەست ناهێنێت.
ئەو وتی هێزە ئەمریكییەكان لە ئێستادا كار دەكەن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران چەكی ناوكی نەبێت.
ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا یادی 25 ساڵەی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر دەكات، كە نزیكەی 3 هەزار كەسی تێدا كوژران، ترەمپ و مێلانیا ترەمپ هاوسەرەكەیشی، لە ڕێوڕەسمی یادەوەری لە پێنتاگۆن بەشدار بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە