1 کاتژمێر پێش ئێستا
168 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران: کۆبوونەوەکەی عومان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز نییە
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیاند کۆبوونەوەکەی سبەینێی عومان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز نییە و هاتووچۆی کەشتیوانی بە داخراوی دەمێنێتەوە تا مەرجەکانی ئێران جێبەجێ دەکرێن.
عەباس عەراقچی، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە ئەجێندای کۆبوونەوەی سبەی دووشەممە لە عومان، تەنیا تیشک دەخاتە سەر تاوتوێکردنی ڕێڕەوی نوێی دەریایی لە گەرووی هورمز؛ هەروەها وڵاتانی بەشداربوو لە نەخشە و وردەکاریی ڕێککەوتنی نێوان تاران و مەسقەت ئاگادار دەکرێنەوە.
عەراقچی جەختی کردەوە ئەم لێکتێگەیشتنە لەگەڵ عومان بە هیچ جۆرێک بە واتای کردنەوەی گەرووی هورمز نایەت؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران تەنیا بە یەک مەرج گەرووەکە دەکاتەوە، ئەویش گەڕانەوەی تەواوەتیی ئەمریکایە بۆ سەر پابەندییەکانی لە چوارچێوەی یاداشتنامەی ئیسلامئاباددا.
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتیشی کردەوە وڵاتەکەی باوەڕی وایە ئاسایشی کەنداو تەنیا لە ئەستۆی دەوڵەتانی ناوچەکەیە بەبێ دەستێوەردانی بیانی، و هیواشی خواست ئەم وتووێژانە سەرەتایەک بن بۆ ڕاوێژی زیاتر لەسەر ئەو دۆسیانەی جێی بایەخی وڵاتانی ناوچەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە