1 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
دواین زانيارى لە یەمەنەوە؛ جەنگ بەردەوامە و بابولمەندەب ئامانجە گەورەکەیە
پەیام
هێزەکانی حکومەتی یەمەن زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەکانی ئەو گرووپە ئەنجامدا، هاوکات بەرپرسانی یەمەن هۆشداری لە مەترسیی جەنگ دەدەن.
هێزەکانی حکومەتی یەمەن هێرشە ئاسمانییەکانیان چڕتر کردووەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە ٢٠ هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگە و مۆڵگە و ئامێرە سەربازییەکانی حوسییەکان لە پارێزگاکانی بەیزا و دەوروبەری مەئریب.
هەروەها لە بەرەی "زەباب" لە رۆژئاوای تەعز، بەتایبەتی لە هەردوو ناوچەی رەش و چیای مونعیم، هێرشی چڕیان بۆ سەر ئەو گرووپە ئەنجامداوە. ئامانج لەم هێرشانە پچڕاندنی هێڵەکانی گواستنەوەی چەک و پێداویستییەکانی حوسییەکانە.
لە هەمان کاتدا، هێزەکانی حکومەت لە بەرزاییە ستراتیژییەکانی نزیک شاری موخا خۆیان جێگیر کردوەتەوە و، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حوسییەکان هێشتا کۆنتڕۆڵی کەناراوەکانی رۆژئاوا و گەرووی بابولمەندەبیان بەدەستەوەیە.
لە لایەکی دیکەوە، دیمەنە بڵاوکراوەکان ئاسەواری هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر پارێزگای تەوال لە ناوچەی جازانی عەرەبستانی سعودیە پیشان دەدەن. بەپێی راگەیەندراوێکی بەرگریی شارستانیی سعودیە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی گولـلە هاوەنێکەوە لەو پارێزگایە، دوو کەس بریندار بوون و زیانی ماددیش بەر مزگەوتێک و چەند باڵەخانەیەک کەوتووە.
لەسەر ئاستی سیاسیش، سەرۆکوەزیرانی یەمەن رایگەیاند پەرەسەندنەکانی حوسییەکان لە گەرووی بابولمەندەب لە پرسێکی ناوخۆیی تێپەڕیوە و رەهەندی هەرێمی و نێودەوڵەتیی وەرگرتووە.
لەم میانەیەدا، سوڵتان عەڕادە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، ئاماژەی بەوە کرد رووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان گەیشتووەتە "بنبەست"، هۆکاری ئەمەش بۆ پەیوەندییەکانی ئەو گرووپە بە ئێرانەوە دەگەڕێتەوە. ناوبراو جەختی لە بەردەوامیی هێزە چەکدارەکان لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان کردەوە و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرانبەر بەو هەڕەشانە هەڵبگرن کە دەکرێنە سەر ئاسایشی کەشتیوانی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە