1 کاتژمێر پێش ئێستا
87 جار خوێنراوەتەوە
مۆسکۆ: ئامادەی کۆبوونەوەی سێقۆڵین لەسەر ئۆکرانیا
کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا هیوای خۆی دەربڕی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ڕووسیا، ئەمریکا و ئۆکرانیا بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئاشتی بەڕێوەبچێت.
دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا پێشنیازی نوێ بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە لە ئارادا نییە و کۆبوونەوەی سێقۆڵی تاکە ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، لە هەمان کاتدا پیسکۆڤ هۆشداریی سەرۆکی ڕووسیای دووپاتی کردەوە لە دژی هەر هەنگاوێکی وڵاتانی ئەورووپا بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا و ڕایگەیاند ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ بە واتای هەڵگیرسانی جەنگ دێت لەگەڵ ڕووسیا.
سەبارەت بە پێشهاتە دیپلۆماسییەکانیش، ڕاوێژکارانی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ئاماژەیان بە ئەگەری کۆبوونەوەیەکی لووتکە لەنێوان سەرۆکانی ڕووسیا، ئەمریکا و چین کردووە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی ئاپیک؛ لە لایەکی دیکەشەوە، وتەبێژی کرێملین جەختی کردەوە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستیان بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کالینینگراد گرتووەتەبەر لەبەرانبەر زیادبوونی مانۆڕە سەربازییەکانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە نزیک سنوورەکانی ئەو ناوچەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە