1 کاتژمێر پێش ئێستا
122 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی شەڕەوە؛ زیاتر لە هەزار کەس لە یەمەنەوە ئاوارە بوون
پەیام
بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و حوسییەکان، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانی کەم هەزار و ٤٠٠ کەس لە یەمەنەوە بەرەو وڵاتی جیبۆتی هەڵاتوون.
بەرپرسانی جیبۆتی ڕایانگەیاند، لە ئاکامی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی کە لە مانگی ئەیلولەوە لەنێوان هێزەکانی حکومەت و چەکدارانی حوسی سەریان هەڵداوە، شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون دەستی پێ کردووە. لەم بارەیەوە، ئیلیاس موسا دەوالە، وەزیری ئابووریی جیبۆتی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاویکردەوە کە تەنها لەماوەی یەک شەو و ڕۆژدا ١٤٠٠ پەنابەری یەمەنی گەیشتوونەتە وڵاتەکەیان.
لەلایەکی دیکەوە، سەفییە ئیبراهیم، ڕێکخەری فریاگوزارییە مرۆییەکان لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوە کرد ژنان و منداڵان لەنێو پەنابەرەکاندان. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە ئەو کەسانە گەیشتوونەتە ناوچەی ئۆبۆک لە باکووری جیبۆتی، هەروەها پێشبینی ئەوەشی کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر لە ئاوارەکان ڕوو لەو ناوچەیە بکەن.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی تەممووزەوە لانی کەم ٧٦ هەزار کەس لە ناوخۆی یەمەندا ئاوارە بوون. ڕێکخراوەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە چارەکی ئەو ژمارەیە تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی توندوتیژییەکانەوە ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە