1 کاتژمێر پێش ئێستا
85 جار خوێنراوەتەوە
بەحرەین: ئامادەی كۆبوونەوەیەك نابین كە ئێران تێیدا بەشدار بێت
پەیام
بەحرەین ڕەتی دەكاتەوە بەشداری لە كۆبوونەوەی وەزاریی ئێران و وڵاتانی كەنداو لەبارەی گەرووی هورمزەوە بكات.
لە ڕاگەیەنراوێكدا، وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ڕەتیكردەوە بەشداری لە كۆبوونەوەی بڕیارلێدراوی وەزاریی وڵاتانی كەنداو بە بەشداریی ئێران بكات، كە بڕیارە سبەی دووشەممە لە مەسقەتی پایتەختی عومان بۆ تاوتوێی دۆخی گەرووی هورمز بەڕێوە بچێت.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی بە هیچ شێوەیەك بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا ناكات كە ئێران تێیدا بەشدار بێت، تا ئەو كاتەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی دەبنەوە.
بەحرەین ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەم هەڵوێستەی پێشتر بە فەرمی بە عومان ڕاگەیاندووە، لە هەمان كاتیشدا پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەكانی مەسقەت دەربڕی.
پێشتر ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەواڵی ڕێكخستنی ئەو كۆبوونەوەیەی لە لایەن عومانەوە و بە بەشداریی هەشت وڵاتی كەنداو ڕاگەیاند.
بەحرەین لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە كە لەو كاتەوەی ململانێ سەربازییەكانی ئێران و ئەمریكا لە كۆتایی مانگی دووی ئەمساڵ سەری هەڵداوە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی مووشەكی و درۆنی ئێران بووەتەوە و پێشتریش بەهۆی دانیشتووانی شیعەمەزهەبی وڵاتەكەیەوە بەردەوام لەگەڵ ئێران لە ناكۆكییدا بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە