1 کاتژمێر پێش ئێستا
124 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی کارەبا: ١٤٠٠ مێگاوات کارەبا گەڕایەوە و دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت
پاش ئاساییبوونەوەی هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، وەزارەتی کارەبا دەڵێت دۆخی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە دوای هەوڵە هاوبەشەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای «داناغاز»، پرۆسەی گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بووەتەوە؛ هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی ئەم هەنگاوەوە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بڕی ١,٤٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی گەڕاوەتەوە و دۆخی پێدانی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوەی تەواو دەچێت.
پێشتر وەزارەتی کارەبا لە ئاگادارییەکدا بۆ هاوبەشانی ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی کەمکردنەوەی بڕی غازی هەناردەکراو لەلایەن کۆمپانیای داناغازەوە بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی ١,٠٠٠ مێگاوات کەمی کردووە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە