2 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
ئاسمانی عێراق بە تەواوی بۆ گەشتی مەدەنی کرایەوە و سەروەریی بۆ گەڕایەوە
پەیام
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، دۆسیەی ناوچە قەدەغەكراوەكان كۆتایی هاتووە و سەروەری بەسەر ئاسمانی وڵاتدا بە تەواوی بەدەست هاتووە.
لەو بارەیەوە ئیهاب سەعد كەریم، بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان و كایەی ئاسمانی ڕایگەیاند، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تیمی بەڕێوەبردنی مەودای ئاسمانی لە سەنتەری ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەكان بە فەرمی پشتڕاستیان كردەوە كە ناوچە ئاسمانییە سەربازییەكانی ناو دەلیلی ئاسمانیی عێراقی چیتر بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەكار ناهێنرێن".
ئاماژەشی بەوە كرد "سەرجەم ئەو ناوچانەی لە بەشی ڕۆژئاوای وڵات (لە باكوورەوە بۆ باشوور) گیرا بوون، ڕادەستی كۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان و ناوبژی ئاسمانی كراون بۆ بەكارهێنانیان لە فڕۆكەوانیی مەدەنیدا".
بەڕێوەبەرەكە وتیشی: "ئەم پێشكەوتنە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و هەوڵی دامەزراوەیی هاتووەتە دی كە چەند ساڵێكی خایاندووە".
ڕوونیشیكردەوە كە "ئەم ڕێكارانە ڕێگە خۆشدەكەن بۆ تەواوكردنی سڕینەوەی ئەم ناوچانە و نوێكردنەوەی دەلیلی ئاسمانیی عێراقی بۆ ئەوەی بە فەرمی بۆ كۆمپانیا جیهانییەكانی فڕۆكەوانی ڕابگەیەنرێت".
ناوبراو وتیشی گرتنی ئەم ناوچانە لە فڕۆكەوانیی مەدەنی لە نێوان ساڵانی 2016 و 2017 دەستی پێكردبوو، گەڕاندنەوەیان داهات زیاد و ڕێڕەوی فڕۆكەوانیی مەدەنی بەهێز دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە