1 کاتژمێر پێش ئێستا
104 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق بۆ بەشداربووانی کۆڕەک: سیمکارتی کۆڕەک لەسەر هەژمارەکانتان لابدەن
پەیام
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی کۆڕەک تیلیکۆم تاوەکو کۆتایی ئەیلوول هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان بپارێزن و لەسەر سیمکارتی کۆڕەک لای ببەن.
لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڵاوی کردوەتەوە، کە دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە، لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا بوڕجەکانی کۆڕەک لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکوژێنێتەوە. ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی لەکارخستنی سیمکارتەکانی کۆڕەک و نەهێشتنی خزمەتگوزارییەکانی ئەو کۆمپانیایە.
دەستەکە داوا دەکات لەو ماوەیەی کە ماوە، بەکارهێنەران ژمارەی کۆمپانیایەکی دیکەی مۆڵەتپێدراو بۆ ئەو ئەپڵیکەیشنانە زیاد بکەن کە رێگە بە تۆمارکردنی زیاتر لە ژمارەیەک دەدەن، بۆ ئەوەی لە وەرگرتنی کۆدەکانی پشتڕاستکردنەوە و گەڕاندنەوەی هەژمارەکانیان پشت بەو ژمارە نوێیە ببەستن.
بۆ ئەو ئەپڵیکەیشنانەشی تەنیا یەک ژمارە قبووڵ دەکەن، رێنمایی بەکارهێنەران کراوە کە بۆ پشتڕاستکردنەوە، ژمارەی یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ یان زەین عێراق بەکاربهێنن.
دەستەی راگەیاندن روونی کردووەتەوە کە ئەم رێکارانە بە واتای دەستبەرداربوون یان لەکارخستنی سیمکارتەکانی کۆڕەک نایەت، بەڵکو مەبەست لێی پێدانی کاتی پێویستە بە بەکارهێنەران بۆ پاراستنی هەژمارەکانیان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە