1 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
زەیدی: سەروەریی یاسا دەسەپێنین و عێراق دەكەینە ناوەندێكی جیهانیی وزە
پەیام
لە وتارێكدا لە كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، عەلی زەیدی جەختی لە پاراستنی سەروەریی عێراق، سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا، ڕێگری لە تیرۆر، و پەرەپێدانی ئابووری و وزە كردەوە، هاوكات نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز نیشان دا.
لە وتارەكەیدا، عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی دا كە عێراق قۆناغە سەختەكان و تیرۆری تێپەڕاندووە، بۆیە نابێت دامەزراوەكان ڕێگە بە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بدەن؛ دەبێت دەسەڵاتی یاسا بسەپێنرێت و چەك و بڕیاری ئاشتی و جەنگ تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لە كاركردنی بەردەوام بۆ ئاسایشی سنوورەكان كرد و هۆشداریشی دا كە ماددەی هۆشبەر بووەتە هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییانی وڵاتەكەی.
سەبارەت بە دۆخی ئابووری، ڕایگەیاند، كە عێراق بەهۆی جەنگەكانەوە تووشی زیانی گەورە بووە؛ بۆیە كار بۆ زیادكردنی داهاتی نانەوتی و بەرهەمهێنانی نەوت دەكەن تا عێراق ببێتە ناوەندێكی وزە لە جیهاندا، هاوكات داوای لە وڵاتان كرد وەبەرهێنان لە عێراقدا بكەن لە ڕێگەی دروستكردنی ژینگەیەكی لەبارەوە.
لە كۆتاییدا، عەلی زەیدی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر دروستكردنی ئاستەنگ لە گەرووی هورمز دەربڕی و جەختی كردەوە كە كار بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە ناوچەكە دەكەن و عێراق دەبێتە پردێك بۆ هاوئاهەنگی لە نێوان گەلانی جیهاندا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە