60 خولەک پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
فڕۆكەخانەكانی عێراق و هەرێم گەشتەكانیان لەگەڵ ئێران ڕاگرت
پەیام
بەهۆی ڕێنماییە نوێیەكان و هەڕەشەی سزاكانەوە، فڕۆكەخانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان گەشتەكانیان بۆ ئێران ڕاگرت.
لە چوارچێوەی زنجیرەیەك بڕیاری فەرمیدا، فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی هەولێر و جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ كاتێكی نادیار ڕاگرت.
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی ماهان لە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە سەرەڕای ئەوەی فڕۆكەخانەكان كێشەیان لەگەڵ گەشتەكاندا نەبووە، بەڵام بەهۆی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەكانی كۆمپانیاكانی دابینكردنی خزمەتگوزاری لە فڕۆكەخانەكان، گەشتەكانیان هەڵوەشێندراونەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف بە فەرمی بڕیاری ڕاگرتنی تەواوی گەشتەكانی هاتن و ڕۆیشتنی بۆ ئێران لە كاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەركرد.
ئەم بڕیارانە لە كاتێكدایە كە پێشتر گەشتەكانی ئێران بۆ بەغداش ڕاگیرابوون. هۆكاری سەرەكی ئەم ڕێكارانە، دەگەڕێتەوە بۆ هەڕەشەكانی ئەمریكا بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو فڕۆكەخانانەی خزمەتگوزاری بە كۆمپانیا ئێرانییەكان دەدەن.
بەم هەنگاوە، سەرجەم دەروازە ئاسمانییە سەرەكییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دوای ڕاگرتنی گەشتەكانیش لە فڕۆكەخانەی بەغدادەوە، بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێراندا داخران، ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات داناوە و چاوەڕوان دەكرێت ئەم دۆخە تا كاتێكی نادیار بەردەوام بێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە