1 کاتژمێر پێش ئێستا
60 جار خوێنراوەتەوە
ڕووفاتی 153 ژن و منداڵی ئەنفالکراو دەگەڕێنرێتەوە بۆ كوردستان
پەیام
کاروانێکی دیکەی رووفاتی قوربانییانی ئەنفال، ئەمڕۆ 26ی 9ی 2026 لە سەماوەوە بەرە و خاكی كوردستان دەگەڕێندرێنەوە کە لە رووفاتی 153 ئەنفالکراو پێکهاتوون و سەرجەمیان ژن و منداڵن.
دەزگای شەهیدانی عێراق ئەمڕۆ ڕوفاتی 153 قوربانیی ئەنفال کە هەموویان ژن و منداڵن، ڕادەستی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەم ڕوفاتانە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی بیابانی سەماوە دۆزراونەتەوە و بۆ بەخاکسپاردنی کاتی دەگوێزرێنەوە تاوەکو پشکنینی ناسنامەیان بۆ دەکرێت.
ئەم ڕوفاتانە پێشتر لە لایەن تیمە پسپۆڕەکانەوە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی بادیەی سەماوە دەرهێنراونەتەوە، کە شوێنی بێسەروشوێنکردنی قوربانیانی ئەنفال بووە لە لایەن ڕژێمی پێشوی عێراقەوە.
پڕۆسەی ڕادەستکردنەکە بە مەبەستی گواستنەوەیانە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی بەخاکسپاردنی کاتی بەپێی ڕێکارە فەرمییەکان، تا ئەو کاتەی پشکنینە زانستییەکان و تاقیگەیییەکان بۆ دیاریکردنی ناسنامەی وردی هەر یەکێکیان کۆتایی دێت و دواتر ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.
هێشتا ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانییانی شاڵاوی ئەنفال لە بیابەنەکانی سەماوە هەڵنەدراوەتەوە و نەگەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
پڕۆسەکانی ئەنفال زنجیرەیەک هێرشی سەربازیی ڕژێمی بەعس بوو لە ساڵی 1988دژی گەلی کورد، کە تێیدا زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی بێتاوان كۆمەڵكوژ كران و لە بیابانەکانی باشوری عێراق لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژران. دوای ساڵی 2003، دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق دۆزرانەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا چارەنووسی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵی دیكە نادیارە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە