1 کاتژمێر پێش ئێستا
114 جار خوێنراوەتەوە
وەرگەڕانی پاسێك لە ڕێگەی كرماشان ـ تاران، 11 گیانلەدەستدان و 24 برینداری لێكەوتەوە
پەیام
بەهۆی وەرگەڕانی پاسی نەفەرهەڵگرەوە كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەڕێ كەوتبوو، 11 كەس گیانیان لەدەست دا و 24 سەرنشینی دیكە برینداربوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، پاسێكی نەفەرهەڵگری جۆری "سكانیا" كە بە 35 سەرنشینەوە لە شاری كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەرەو تاران دەڕۆیشت، لە ڕێگەی خێرای هەمەدان-ساوە لە پارێزگای مەركەزی وەرگەڕا.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان، ڕووداوەكە كاتژمێر 4:48 حولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە كاتی ناوخۆیی لە نزیك بازگەی (فامنین) ڕووی داوە و پاسەكە بە تەواوی سەربەرەوژێر بووەتەوە.
بەهۆی ڕووداوەكەوە، 11 سەرنشین كە هەشت پیاو و سێ ژن بوون لە شوێنی ڕووداوەكە گیانیان لەدەست دا و 24 كەسی دیكەش بریندار بوون.
دەستبەجێ چوار ئەمبوڵانس و پاسێكی فریاكەوتن گەیشتنە شوێنەكە، 18 بریندار بۆ نەخۆشخانەی شەهید مودەریس و شەش برینداریش بۆ نەخۆشخانەی شەهید چەمران لە شاری ساوە گوازرانەوە. لەسەر ئاستی فەرمی، داواكاریی گشتیی ساوە فەرمانی دادوەریی دەركرد بۆ لێكۆڵینەوەی ورد لە ئەگەری كەمتەرخەمییەكان و هۆكارەكانی ڕووداوەكە.
لای خۆیەوە پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای مەركەزی هۆكاری ڕووداوەكەی بۆ ماندووێتی و خەواڵووبوونی شۆفێرەكە گەڕاندەوە.
هاوكات پارێزگاری مەركەزی لە ئێران قایمقامی ساوە و دەزگاكانی بەڕێوەبردنی قەیرانی ڕاسپارد كە هەموو تواناكان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەری برینداران و بە شێوەیەكی بەردەوام ڕاپۆرت لەسەر ڕەوشی تەندروستییان و هەنگاوە فریاگوزارییەكان بۆ ڕای گشتی و كەسوكاریان پێشكەش بكرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە