1 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی ئایسلەندا بە توندی وەڵامی ناتانیاهووی دایەوە
پەیام
وەزیری دەرەوەی ئایسلەندا سەبارەت بە بەكارهێنانی دەستەواژەی "ترسنۆك لە ڕووی ئەخلاقییەوە" بە توندی وەڵامی سەرۆكوەزیرانی قەوارەی ئیسرائیلی دایەوە.
لە میانەی پێشكەشكردنی وتارەكەی لە دانیشتنی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆرك، سۆرگێردور كاترین گونارسدۆتیر وەزیری دەرەوەی ئایسلەندا ڕایگەیاند: ترسنۆكەكان لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئەو سەركردانەی جیهانن كە ئامادەی دانوستان نین بۆ ئاشتی، یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل دەكەن و ڕێگری لە گەیشتنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ لێقەوماوان دەكەن.
ئەم لێدوانەی وەزیرەكە وەك وەڵامێك بوو بۆ نەتەنیاهوو كە دیپلۆماتكارە بایكۆتكارەكانی وتارەكەی بە "ترسنۆكی ئەخلاقی" ناوزەد كردبوو، لە كاتێكدا ناوبراو لە كاتی وتارەكەی نەتەنیاهوودا بەشداریی لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پشتیوانیكردنی ئاژانسی ئۆنروا دەكرد.
گونارسدۆتیر ئاماژەی بەوەش كرد "كوژرانی منداڵان و ئازاری مەدەنییەكان نابێت پشتگوێ بخرێت"، هاوكات پابەندبوونی وڵاتەكەیش بە چارەسەری دوودەوڵەتی و دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی فەڵەستین لە پاڵ ئیسڕائیل دووپاتی كردەوە تا هەردوو گەل بە ئاشتی و كەرامەتەوە بژین.
گرژییە دیپلۆماسییەكانی نێو هۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان دوای ئەوە هات كە دەیان شاندی نێودەوڵەتی لە كاتی دەستپێكردنی وتارەكەی سەرۆكوەزیرانی قەوارەی ئیسرائیل هۆڵەكەیان جێ هێشت، ئەمەش كاردانەوەی توندی تەلئەبیبی لێ كەوتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە