1 کاتژمێر پێش ئێستا
140 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: گەرووی هورمز ناکەینەوە تا مەرجەکەمان جێبەجێ نەکرێت
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریاوانیدا ناکرێتەوە، هەتا سەرجەم مەرجە حەوت خاڵییەکەی تاران بە تەواوی جێبەجێ نەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی نوور نیوزی ئێرانی، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد کە ئەمریکییەکان لەم دواییانەدا لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە پێشنیازی نوێیان پێشکەش کردووە، بەڵام دەبێت واشنتن تێبگات سەردەمی کات بەفیڕۆدان و سەپاندنی داواکاریی تاکلایەنە بەسەرچووە.
قالیباف جەختی کردەوە هەڵوێستی تاران نەگۆڕە و گەرووی هورمز تەنیا دوای جێبەجێکردنی ئەو حەوت مەرجە دەکرێتەوە کە ئێران بەپێی ڕێککەوتننامەی ئیسلام ئاباد دیاری کردوون، وتیشی کە ئەوان لە یەک کاتدا شەڕ دەکەن و دانوستانیش بەڕێوەدەبەن تا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە باڵادەستیی سەربازیی خۆیان بچەسپێنن.
سەرۆکی پەرلەمان هۆشداریشی دا کە لە گۆڕەپانی دانوستاندا سەرکەوتن بۆ ئەو لایەنەیە کە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ هەڵگیرسانی جەنگ.
ئەم پەیامە توندانەی تاران دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا و نێوەندگیرە هەرێمییەکان زنجیرەیەک گفتوگۆیان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەستپێکردووە، بەڵام پێداگریی ئێران لەسەر مەرجەکانی بۆ هەڵگرتنی سزاکان و کردنەوەی ڕێڕەوە دەریاییەکان، ئاسۆی چارەسەری خێرای لە کەرتی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا بە ناڕوونی هێشتووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە