60 خولەک پێش ئێستا
87 جار خوێنراوەتەوە
ڕووسیا جارێکی دیکە هۆشداری دەداتە دیبلۆماتکار و بیانییەکان لە مانەوە لە ئۆکرانیا
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریی بە دیپلۆماتکاران و هاووڵاتییانی بیانی دا لە مانەوەیان لە ئۆکرانیا، و ڕایگەیاند بەهۆی بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکانەوە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا جەختی کردەوە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبن لە وەشاندنی گورزی چڕ و سیستماتیک بۆ سەر پێگە سەربازییەکان لە کیێڤ و شارەکانی دیکە، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ژێرخان و هاووڵاتییانی مەدەنی لەناو خاکی ڕووسیادا.
مۆسکۆ داوای لە دیپلۆماتکاران و هاووڵاتییانی بیانی کرد دەستبەجێ کیێڤ جێبهێڵن و سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن، هاوکات هۆشداری دا کە بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە ئەستۆی ئەو کەس و لایەنانەیە کە هۆشدارییەکان پشتگوێ دەخەن و باڵیۆزخانەکانیان بە کراوەیی دەهێڵنەوە.
وەزارەتی دەرەوە ڕوونی کردەوە کە ئەم هەڵوێستە پێشتریش لە ٢٥ی ئایار و لە کۆبوونەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا میخائیل گالوزین لەگەڵ دیپلۆماتکارانی بیانی خراوەتەڕوو، هاوکات وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتیی ئەورووپا، نەرویج و سویسراش هاووڵاتییانی خۆیان لە سەردانکردنی ئۆکرانیا ئاگادار کردووەتەوە.
ئەم هۆشدارییە توندەی ڕووسیا هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی بۆردوومانی ئاسمانی و مووشەکی لە بەرەکانی جەنگدا، کە مەترسییەکانی لەسەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان و ژێرخانی سەرەکیی کیێڤ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە