2 کاتژمێر پێش ئێستا
164 جار خوێنراوەتەوە
سعودییه.. وڵاتانی ئهندام له ڕێكهوتنی مهككه كۆ دهبنهوه
شاندێکی باڵای پاکستان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لێژنەی سیاسی و بەرگریی ڕێککەوتنامەی مەککە، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سعودیە و تورکیا دەگاتە ڕیاز، تا تاوتوێی قەیرانەکانی ناوچەکە و هێرشی حووسییەکان بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شاندەکە پێکهاتووە لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و سوپاسالار. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری ڕیاز، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئەندام (سعودیە، پاکستان و تورکیا) بەڕێوە بچێت. ئامانجی دیدارەکە هەڵسەنگاندنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پێداچوونەوەیە بەو هەماهەنگییانەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی مەککەدا دەکرێن.
محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو ڕایگەیاند کۆبوونەوەکەی ڕیاز لەناکاوە و تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو هێرشانەی گرووپی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) دەیکەنە سەر خاکی سعودیە و دۆزینەوەی میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، وەزیرەکە ڕوونی کردەوە کە دانوستانەکان باس لە پێشنیازێک دەکەن بۆ چارەسەری سیاسی لەگەڵ حووسییەکان لەبری بژاردەی سەربازی، کە ئەمەش لەسەر بنەمای ڕێگەیەکە کە ئێران پێشنیازی کردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
لەبارەی فراوانکردنی ڕێککەوتنامەکەوە، ئیسحاق دار ئاشکرای کرد کە زیاتر لە شەش وڵات ئارەزووی خۆیان بۆ چوونە ناو ڕێککەوتنامەکە دەربڕیوە. بەڵام ڕوونی کردەوە کە تاوەکو ڕێککەوتنامەکە بە تەواوی کارا نەکرێت، کە پرۆسەیەکە ڕەنگە نزیکەی ساڵێک بخایەنێت، تاوتوێکردنی داواکارییەکانی پەیوەندیکردن بە ڕێککەوتنەکەوە کارێکی گونجاو نابێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، لە ٧ی ئابی ڕابردوودا، وڵاتانی سعودیە، پاکستان و تورکیا "ڕێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" یان واژوو کرد، کە تێیدا پەیمانیان داوە هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێکیان، وەک هێرش بۆ سەر هەرسێکیان هەژمار بکرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە