1 کاتژمێر پێش ئێستا
98 جار خوێنراوەتەوە
ئیسپانیا.. بەهۆی گرانیی کرێی خانوو مانگرتنی گشتی ڕادهگهیهنرێت
دوو سەندیکای سەرەکی لە ئیسپانیا داوای مانگرتنی گشتییان لە ١١ی تشرینی دووەمدا کرد دژی بەرزبوونەوەی نرخی کرێ و کێشەی نیشتەجێبوون، ئەمەش فشارەکان لەسەر حکوومەتی سەرۆک وەزیران پێدرۆ سانچێز پێش هەڵبژاردنە پێشوەختەکان قووڵتر دەکاتەوە.
سەندیکاکانی "یوو جی تی" و "سی سی ئۆ ئۆ" لە ئیسپانیا ڕایانگەیاند کە مانگرتنە سەرتاسەرییەکە وەک وەڵامێکە بۆ قەیرانی نیشتەجێبوون، بەتایبەت دوای ئەوەی ژنێکی تەمەن ٨٧ ساڵ لە مەدرید بەهۆی دەرکردنی لەو شوقەیەی زیاتر لە ٧٠ ساڵ بوو تێیدا دەژیا گیانی لەدەست دا، پاش ئەوەی کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان کرێیەکەی بە ڕێژەی ٢٧٥٪ بەرزکردەوە. هەردوو سەندیکاکە داوای دیاریکردنی سەقفی کرێ، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکانیان کرد، هاوکات هۆشدارییان لە "چاوبرسییەتیی کەرتی خانووبەرە" و قۆستنەوەی خواستی هاووڵاتییان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی لەڕادەبەدەر دا.
ئەم جموجووڵەی سەندیکاکان پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لە ٢٩ی تشرینی دووەم دێت، کە تێیدا قەیرانی خانووبەرە بووەتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم مانەوەی کابینەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز لە دەسەڵاتدا. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا تێکڕای نرخی کرێی خانوو لە ئیسپانیا نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە و نرخی فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە ڕێژەی ٩٠٪ زیادی کردووە، ئەمەش شەپۆلێکی بەردەوامی ناڕەزایەتیی جەماوەریی لە شارە گەورەکاندا دژ بە سیاسەتە ئابوورییەکان دروست کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە