1 کاتژمێر پێش ئێستا
153 جار خوێنراوەتەوە
سووریا تاوتوێی ناردنی سەرباز بۆ هاوکاریکردنی سعوودیە دەکات
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد کە سووریا تاوتوێی پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بە سعوودیە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی گرووپی حوسی لە یەمەن، کە ئەگەری ناردنی هێزی بەرگری یان هێرشبەر لەخۆدەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی ئاژانسی ڕۆیتەرز و ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی سەربازیی سووریاوە، بژاردەکان بریتین لە ناردنی هێزی سووری بۆ یەمەن بە مەبەستی پاراستنی خاکی سعوودیە، یاخود جێگیرکردنی یەکەی سەربازیی هێرشبەر بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی حکوومەتی یەمەن لە شەڕی دژ بە حوسییەکان. بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاشکرای کرد کە ڕیاز بە فەرمی داوای لە دیمەشق کردووە هێز بۆ بەشداریکردن لەو شەڕەدا بنێرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی سەر ناوچە سنوورییەکان و بنکە ئابوورییەکانی شانشینەکە.
لەبەرانبەردا، دیپلۆماتکارێکی سووری ڕایگەیاند دیمەشق لەبەرانبەر ئەو پەلامارانەدا لە پاڵ سعوودیە دەوەستێت، بەڵام لە ئێستادا ئەرکی سەرەکیی سووریا چاکبوونەوەی ناوخۆیی و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە لە دوای جەنگ، و هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیەش تەنیا لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکان و ڕێککەوتنی دووقۆڵییەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە دوای سەردانە فەرمییەکەی سەرۆککۆماری سووریا ئەحمەد شەرع بۆ ڕیاز بەرەوپێشچوونی خێرای بەخۆوە بینیوە، لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ داڕشتنەوەی هاوپەیمانێتییە ئەمنییەکان و کەمکردنەوەی هەژموونی هێزە چەکدارە نەیارەکان لە ناوچەکەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە