1 کاتژمێر پێش ئێستا
163 جار خوێنراوەتەوە
حووسییەكان: تەنها فڕۆكەخانەكانی مەككە و مەدینە بە ئامانج ناگرین
پەیام
حووسییەكان هەڕەشەی بەردەوامی هێرش بۆ سەر فڕۆكەخانەكانی سعودیە دەكەن و دەڵێن، "تەنها فڕۆكەخانەكانی مەككە و مەدینە بە ئامانج ناگرین".
حووسییەكان جارێكی دیكە هۆشداری دەدەنە كۆمپانیا و گەشتیاران لە بەكارهێنانی فڕۆكەخانە و ئاسمانی سعودیە بەگشتی.
بە وتەی عەمید یەحیا سەریع، وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی یەمەن (حوسییەكان)، هۆشدارییەكی نوێیان ئاراستەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی، شارەزایان، كارمەندان و گەشتیاران كردووە سەبارەت بە بەكارهێنانی فڕۆكەخانە و ئاسمانی سعودیە.
هێزەكان جەختیان كردەوە كە ئەو شوێنانە ئێستا بوونەتە مەیدانی ئۆپەراسیۆن و مەترسی هێرشكردنە سەریان هەیە، تەنها فڕۆكەخانەكانی مەككەی پیرۆز و مەدینەی منەوەرە لەو هۆشدارییە بەدەر كراون.
یەحیا سەریع داوای كرد هۆشدارییەكان بە هەند وەربگیرێن و سعودیە بەرپرسیارە لە هەر بەرپەرچدانەوەیەكی شكستخواردوو.
ناوبراو دووپاتی كردەوە كە هێزەكانیان بەردەوامن لە جێگیركردنی هاوكێشەی بەرپەرچدانەوە، بە تایبەت دروشمی «فڕۆكەخانە بە فڕۆكەخانە، گەمارۆ بە گەمارۆ، و پەرەسەندن بە پەرەسەندن»، تا گەیشتن بە ئامانجەكانیان.
ئەم هەڵوێستە لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی سعودیە ڕایانگەیاند لە هێرشێكی یەمەنیدا بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مەلیك خالید لە ڕیاز، 12 كەس كوژراون و 309 كەسی تریش بریندار بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە