1 کاتژمێر پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
زەیدی: دەمانەوێت 100 دۆلار لە بازاڕدا بكەینەوە بە كەمتر لە 155 هەزار دینار
پەیام
سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەیانەوێت نرخی 100 دۆلار لە بازاڕدا بكەنەوە بە كەمتر لە 155 هەزار دینار، دان بەوەشدا دەنێت كە مەترسییەكانی ئەمریكا بە گەیشتنی دۆلار بە گرووپەكان كاریگەری لەسەر قەبارەی دۆلاری هاتووی فرۆشراوی نەوت داناوە.
عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی عێراقییەی دەوڵەت ڕایگەیاند: ئامانجمانە 2.5 ملیار دۆلار گوژمەی دۆلاری فرۆشراوی نەوت بەدەست بهێنین تا پێویستیی بازاڕی پێ پڕ بكەینەوە.
ئەو وتیشی: مەترسییەكانی ئەمریكا بە گەیشتنی دۆلار بە گرووپەكان كاریگەری لەسەر قەبارەی دۆلاری هاتووی فرۆشراوی نەوت داناوە.
بە قسەی زەیدی كۆمەڵگەی ڕۆژاوایی پێی وایە دەوڵەتی عێراق لە لایەن گرووپگەلێكی دیارییكراوە ڕفێنراوە، وتیشی: عێراق لەژێر هەڕەشەی گەمارۆ و داخستنی باڵیۆزخانەكاندا بوو، ئێمە ئەو قۆناغە مەترسیدارەمان تێپەڕاند و سەركەوتوو بووین لە دوورخستنەوەی عێراق لە پەراوێزكەوتنی نێودەوڵەتی.
تایبەت بە چەكی گرووپەكانیش، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: دۆسیەی چەكی سێ گرووپمان كۆتایی پێ هێناوە و لەگەڵ چواری دیكە لە دانوستانداین، بەمنزیكانەش عێراق خاڵی دەبێت لە گرووپەكان و چەك لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت.
وتیشی: هیچ سەربازێكی ئەمریكی لە عێراق نەماوە تەنانەت بە خەسڵەتی ڕاوێژكاریش، نەمانی هێزی بیانییش پاساوی بۆ هەڵگرتنی چەكی گرووپەكان نەهێشتووەتەوە.
هەر لەو میانەیەدا زەیدی ئاشكرای كرد كە لەگەڵ هێزەكانی یەپەشە لەسەر ڕادەستكردنی چیای شنگال گەیشتووینەتە لێكتێگەیشتن و لەگەڵ توركیاش لەسەر ڕادەستكردنی بنكەی بەعشیقە بە سوپای عێراق ڕێك كەوتووین.
لە پرسی گەندەڵیشدا، زەیدی وتی: ئەگەر گەندەڵییشمان كۆتایی پێ نەهێنابێت ئەوا لە لاوازكردنی لە پێنج مانگی ڕابردوودا سەركەوتوو بووین، شەڕ دژی گەندەڵی بەردەوام دەبێت و هەڵمەتی دیكەیشمان لەپێشە.
لە پرسی ڕێگەی گەشەپێدانیش، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە دوابەدوای پەسەندكردنی بودجە، سەرۆككۆماری توركیا بۆ دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی گەشەپێدانی بانگهێشتی عێراق دەكەین و دەست بە جێبەجێكردنی دەكەین.
لە دۆسیەی نەوتیشدا، زەیدی ڕایگەیاند: پلانمان وایە بەرهەمهێنانی نەوت تا ساڵی 2032 بە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بگەیەنین و داهاتی نانەوتییش لە ماوەی تەمەنی ئەم حكوومەتەدا بۆ 30% بەرز بكەینەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە