1 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
لەترسی هەڕەشەكانی ئێران، ئەمریكا كارمەندانی پێنج باڵیۆزخانەی كەمكردەوە
پەیام
ئەمریكا بە پاساوی هەڕەشەی ئێران ژمارەی كارمەندانی باڵیۆزخانەكانی لە پێنج دەوڵەتی ناوچەكە كەم كردەوە.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی "سی بی ئێس نیوز"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕیاری داوە ژمارەی كارمەندەكانی لە باڵیۆزخانەكانی ئوردن، لوبنان، قەتەر، ئیمارات و سعوودیە كەم بكاتەوە.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوە كردووە ئەم ڕێكارە بە مانای فەرمانی چۆڵكردنی ئەم وڵاتانە نایەت، بەڵكو باڵیۆزخانەكان بە كراوەیی دەمێننەوە و لەژێر چوارچێوەی سیستمی «ئۆپڕاسیۆنی سنوورداردا» كە بووەتە هۆی دابەزاندنی ژمارەی فەرمانبەرانیان كار دەكەن.
هاوكات ماڵپەڕی "ئەكسیۆس" لە ڕاپۆرتێكیدا وای بڵاو كردەوە كە پیلانەكانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی ئەمریكییەكان گەیشتوونەتە قۆناغێكی مەترسیدار و پێشكەوتوو، ئەمەش بەگوێرەی یاداشتێك كەدوێنێ، هەینی بۆ ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە نێردراوە.
لەلایەكی دیكەوە، ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ڕایگەیاند: حكومەتی واشنتن ئاستی ئاگاداری و ئامادەباشیی كارمەندانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز كردووەتەوە و دەستی بە كەمكردنەوەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكانی كردووە.
بەرپرسانی ئەمریكی دووپاتیان كردەوە ئەو مەترسییەی ئێران دروستی كردووە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە دوای دەستپێكردنی شەڕ لە مانگی دووی ئەمساڵەوە، بەڵام ئێران تائێستا هیچ هەڵوێستێكی فەڕمی لەمبارەوە نەنواندووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە