2 کاتژمێر پێش ئێستا
113 جار خوێنراوەتەوە
هەرێم وەڵامی ڕاوێژكارەكەی زەیدی دەداتەوە و دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت ڕەتدەكاتەوە
پەیام
دوای وروژاندنی دۆسیەی
قاچاخچێتی و گەندەڵیی نەوت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كەوتە دۆخی بەرگری
و تۆمەتەكانی بەرهەمهێنانی نایاسایی و بەستنەوەی كۆمپانیا بیانییەكان بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی
هەرێمی بە ناڕاست لەقەڵەم دا.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
بۆ بەرپەرچدانەوەی وتەكانی ئاڵا تاڵەبانی ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند،
كە بەرهەمی ئێستا تەنیا 255 هەزار بەرمیلە و لە باشترین دۆخدا تا ساڵی 2027 دەگاتە
308 هەزار بەرمیل.
سەبارەت بە بەقاچاخبردن
و ونبوونی داهاتی نەوتیش، سامانە سروشتییەكان بەرپرسیارێتییەكەی خستە ئەستۆی بەغدا،
بەوەی 42 نوێنەری فیدراڵی لەگەڵ سۆمۆ و نەوتی باكوور چاودێریی پرۆسەكە دەكەن و تەواوی
داهاتەكەش دەچێتە خەزێنەی بەغدا.
لە بەرامبەر تۆمەتی بەستنەوەی
كۆمپانیا نەوتییەكان بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانەوە، سامانە سروشتیەكان لە ڕوونكردنەوەكەیدا
پارێزگاری لەو گرێبەستانە كرد و ڕایگەیاند، كە كۆمپانیاكان نێودەوڵەتین و دادگای فیدراڵیش
شەرعییەتی پێداون.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
بۆ دەرچوون لە ژێر باری گومانەكان، بانگەشەی ئەوەی كرد دەرگای كێڵگە نەوتییەكان و
پێوەرەكانی بەڕووی پشكنەرانی عێراق و پسپۆڕانی نێودەوڵەتیدا
كراوە بووە. ئەمەش لەكاتێكدایە
لە خولەكانی ڕابردوودا پەرلەمانتارانی كوردستان زۆرترین ڕەخنەیان ئاراستەی وەزارەتی
سامانە سروشتییەكان كردووە بەوەی بە یەكێك لە هەرە وەزارەتە شاراوەكان ناسراوە و لە
چەندین ساڵی ڕابردوودا كەمترین زانیاری لەبارەی بەرهەمهێنان و داهاتی نەوتەوە
خستووەتە بەردەستی پەرلەمانتارانی كوردستان و ڕۆژنامەنووسان.
ئەم وەڵامە دوای ئەوە
هات كە ئاڵا تاڵەبانی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەقاچاخبردنی نەوتی
هەرێمی كوردستان بۆ توركیا بەردەوامە و عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە هەوڵی
كۆنتڕۆڵكردنیدایە لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەنقەرە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە