2 کاتژمێر پێش ئێستا
128 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت.. مامەڵەی نایەکسانی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ تۆمەتباران ڕووبهڕووی ڕهخنه بوهتهوه
ڕەخنەی توند ئاراستەی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەهۆی زاڵبوونی پاشخانی سیاسی و ئایدۆلۆجی بەسەر ئەدای کارکردنیان و پەیڕەوکردنی دووفاقییەکی ئاشکرا لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی تاوان و تۆمەتباراندا.
لە بنەمادا ئەرکی سەرەکیی هەر دامەزراوەیەکی ئەمنی، پاراستنی سەقامگیری و جێبەجێکردنی دەستووری و بێلایەنانەی یاسایە، بەڵام کارنامەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی لێپرسینەوە و ڕەخنەی گشتی بووەتەوە، بەهۆی بەرتەسککردنەوەی ڕۆڵیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەکان و مامەڵەکردنی نایەکسان لەگەڵ هاووڵاتییاندا.
پسپۆڕانی یاسایی و چاودێرانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دەزگایانە لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای بەڵگەی سەلمێنراوی تاوانکاری و دەقە یاساییەکان مامەڵە لەگەڵ تۆمەتباراندا بکەن، مەیلی ئایدۆلۆجی و گرێدراوی سیاسی دەکەنە پێوەری سەرەکی، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازکردنی بنەماکانی دادپەروەری و بنکۆڵکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە فەرمییەکان.
ئەم دووفاقییە لە ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوودا بە ئاشکرا دەرکەوت، کاتێک شێوازی مامەڵەی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ دوو کەیسدا جیاوازییەکی قووڵی نیشان دا. لە لایەکەوە، هێزە ئەمنییەکان ڕێوشوێنی توندیان بەرانبەر کەسایەتییەکی مسوڵمان گرتەبەر کە تەنیا تۆمەتبار بوو، لە لایەکی دیکەشەوە بەرانبەر بکوژێکی هەڵهاتوو کە دوو برای کوشتبوو و برایەکی بریندار کردبوو و دەستڕێژی لە هێزە ئەمنییەکانیش کردبوو، لە دەستگیرکردنیدا پاشەکشە و بێدەسەڵاتییان نواند، تا ئەو کاتەی بە ئارەزووی خۆی خۆی ڕادەست کرد. ئەم جیاکارییە گەورەیە سەلمێنەری زاڵبوونی پێوەری دەستنیشانکراو و سیاسییە بەسەر بنەماکانی سەروەریی یاسادا.
تەوژمی ڕەخنەکان بەتایبەت ئەو مۆدێلە مەترسیدارە دەگرێتەوە کە تێیدا دەزگا ئەمنییەکان پێشێلی دەسەڵاتی دادوەری دەکەن و پێش دەرچوونی هەر حوکمێکی یاسایی دادگا، تۆمەتباران دەهێننە سەر شاشەی میدیا و بە بەرگی زیندانەوە وەک تیرۆریست و تاوانباری مەترسیدار نمایشیان دەکەن. بەتایبەتی ئەگەر دەستگیرکراو خاوەنی باگراوندێکی ئیسلامی بێت؛ هەنگاوی نیشاندانەکە خێراتر و گەورەتر دەبێت و تۆمەتی قورسی تیرۆریستی دەخرێتە پاڵ، لەکاتێکدا ئەو نمایشکردنەی تۆمەتبار کە هێشتا تاوانەکەی بەسەردا ساغ نەبوەتەوە، جگە لە شکاندنی ڕێزی دەستگیرکراوەکە، بێڕێزی و شکاندنی تەواوی خزم و کەسوکار و بنەماڵەکەشیەتی.
یاساناسان ئەم ڕەفتارە بە شێواندنی پرۆسەی دادپەروەری و پێشێلکردنی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکان دەزانن، کە ئامانج لێی نیشاندانی ناڕاستەقینەی بازووی هێز و پەردەپۆشکردنی کەمکوڕییە ئەمنییەکانە لە ڕێگەی پروپاگەندەی میدیاییەوە، لە کاتێکدا یاسا بەرکارەکان ڕێگە بە هیچ دەزگایەک نادات کەرامەتی تۆمەتبار لەکەدار بکات بەر لەوەی تاوانەکەی بە بڕیاری بنبڕی دادوەری ساغ ببێتەوە، لەکاتێکدا بە پێچەوانەوە ئەگەری تەواوی ئەوە هەیە لەژێر ئەشکەنجەدا دان بە هەر تاوانێکدا بنێت کە نەیکردووە.
لە لایەکی ترەوە، دەستەوسانبوونی ئاشکرای دەزگا ئەمنییەکان لەبەرانبەر بکوژانی ڕاستەقینە و سستییان لە ڕێگریکردن لە تاوانبارانی تاوانی قورس، گومانێکی گەورە لەسەر لێهاتوویی و بێلایەنیی ئەو هێزانە دروست دەکات. ئەم ڕەفتارە لە کاتێکدایە کە ئەم دەزگایانە لە بەیاننامە بەردەوامەکانیاندا بانگەشەی توانای باڵا و دەستگیرکردنی خێرای تۆڕە نهێنییەکان دەکەن، بەڵام لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەیەکی ڕوونی کوشتندا تووشی بێدەسەڵاتی دەبن.
چاودێران جەخت دەکەنەوە کە بەکارهێنانی دامەزراوەی ئەمنی وەک ئامرازێکی سیاسی دژ بە دژبەرە فکرییەکان، لەبری فەراهەمکردنی ئاسایشی گشتی، نیشانەی داڕمانی پێوەرە نیشتمانییەکانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتێکی نایاسایی بەسەر کۆمەڵگەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە