1 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
له سبهینێوه شهپۆلی باران و ههورهبرووسكه ههرێم دهگرێتهوه
پهیام
لە سبەینێ چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە لە ئەنجامی دوو نزمەپاڵەپەستۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و ناسەقامگیری کەشوهەوا.
بەپێی پێشبینییەکانی ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی، لە سبەینێ چوارشەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دۆخێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە لە ئەنجامی کاریگەریی هاوبەش و یەکگرتنی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆی سەر دەریای سپیی ناوەڕاست و دەریای سوور پێکدێت کە بەرەو ناوچەکە دێن.
بەپێی نەخشە کەشناسییەکان، سەرەتای دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە لە نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممەوە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق و سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە بەدیار دەکەوێت، بە جۆرێک چالاکبوونی هەورەبرووسکەی بەهێز و بارینی تاوەبارانی بەخوڕ سەرەتای گۆڕانکارییەکان دەبێت.
لە درێژەی گۆڕانکارییەکاندا و لە کاتەکانی ئێوارە و شەوی ڕۆژی چوارشەممەدا، بازنەی کاریگەریی ئەو ناجێگیرییە فراوانتر دەبێت و درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای هەولێر، پارێزگای کەرکووک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین. لەو ناوچانەشدا ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکەی بەهێز و بارینی تاوەبارانی مامناوەند هەیە، هاوکات لە هەندێک شوێن و ناوچەدا دابارینەکان بە شێوەیەکی بەخوڕ دەبن.
لە ڕووی پلەکانی گەرماوە، پێشبینی دەکرێت بەراورد بە ڕۆژی سێشەممە، پلەکان بە ڕێژەی ٤ تا ٥ پلەی سیلیزی ڕوو لە دابەزین بکەن. لە هەمان کاتدا خێرایی با لە ئاستێکی مامناوەنددا دەمێنێتەوە کە لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و ئاراستەکەشی بە شێوەیەکی گشتی بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دەبێت.
لە دووسبەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییە ئاسمانییە چالاکتر و بەرفراوانتر دەبێت؛ بە جۆرێک کە هەورەبرووسکە و تاوەبارانی مامناوەند تا بەخوڕ سەرجەم ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانیش دەگرێتەوە. هەروەها لە هەندێک شوێندا، بەتایبەت لە کوێستانەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا، ئەگەری بارینی تەرزە لە ئارادایە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەگشتی کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە ناسەقامگیرە تاوەکو ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە سەرانسەری هەرێمدا بەردەوامیی دەبێت و هاوکات لەگەڵیدا پلەکانی گەرماش زیاتر لە ڕۆژانی پێشوو ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.
سەبارەت بە دۆخی کەشوهەوا لە قۆناغی دوای ئەم شەپۆلەش، ئاراس جەبار ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتووەوە، واتە لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، شەپۆلێکی دیکەی بەهێزی بارانبارین و هەورەبرووسکە ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە