2 کاتژمێر پێش ئێستا
123 جار خوێنراوەتەوە
سبەینێ هەڵبژاردنی نیوەی دووەمی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت
سبەینێ، ئەمریکییەکان ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی نیوەيی، کە هاوسەنگیی دەسەڵات لە کۆنگرێس و چارەنووسی دوو ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترهمپ یەکلا دەکاتەوە.
ئەم هەڵبژاردنە لەوانەیە دەسەڵاتێکی فراوانتر بداتە ترهمپ بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی، یاخود ڕووبەڕووی کۆنگرێسێکی نەیاری بکاتەوە کە پڕۆژەکانی پەکبخات و لێکۆڵینەوە لە بڕیارەکانی ئیدارەکەی و چالاکییە دارایییەکانی بکات.
لەم کێبڕکێیەدا دەنگدان بۆ سەرجەم ٤٣٥ کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت، لەبەر ئەوەی ماوەی ئەندامێتی لەو ئەنجومەنەدا تەنیا دوو ساڵە. لەبەرانبەردا، ئەندامانی ئەنجومەنی پیران بۆ ماوەی شەش ساڵ هەڵدەبژێردرێن و پۆستەکانیان بە شێوەیەکی خولی نوێ دەکرێنەوە، بە جۆرێک دوو ساڵ جارێک نزیکەی سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنەکە دەچنە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەوە.
لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٦دا، کێبڕکێ لەسەر ٣٥ کورسیی ئەنجومەنی پیران دەکرێت، کە ٣٣ کورسییان لە چوارچێوەی خولی ئاساییدان و دوو کورسییەکەی دیکەش لە هەڵبژاردنی تایبەتدا یەکلا دەکرێنەوە؛ ئەم هەڵبژاردنە تایبەتانەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورسییانەیە کە پێش تەواوبوونی وادەکەیان بەهۆی دەستلەکارکێشانەوە یان گیانلەدەستدان بە بەتاڵی ماونەتەوە، تاوەکوو کەسی سەرکەوتوو ماوەی یاساییی ماوەی کورسییەکە تەواو بکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە