52 خولەک پێش ئێستا
76 جار خوێنراوەتەوە
داوا دهكرێت پێش وهرزی زستان هاوكاری بگهیهنرێته لێقهوماوان
بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا و ئیتاڵیا داوا لە ئیسرائیل دەکەن پێش وەرزی زستان ڕێگە بە گەیاندنی دەستبەجێی هاوکارییە مرۆییەکان و ١٥٠ هەزار خێمە بدات بۆ کەرتی غەززە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی «پی ئەی میدیا»ی بەریتانی، حکوومەتی بەریتانیا هانی ئیسرائیلی داوە ڕێگە بە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان بدات بۆ غەززە، کە بەهۆی لافاوەکانی ئەم دواییەوە زیانی بەرکەوتووە و ڕووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی «کارەساتبار» بووەتەوە.
ئەم بانگەوازە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا و ئیتاڵیادا هاتووە، کە تێیدا جەخت کراوەتەوە چی دیکه بواری دواخستنی زیاتر نەماوە و پێویستە ڕێگە بە «گەیشتنی دەستبەجێ، خێرا و بێ بەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سەرانسەری غەززە» بدرێت.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێداویستییە سەرەکییەکان و ١٥٠ هەزار خێمە پێش هاتنی زستان چاوەڕوانی ڕێگەپێدانن بۆ چوونە ناو غەززە، هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە «ئەم دۆخە بەتەواوی پێویستە کۆتایی بێت و هێشتا کاتی پێویست بۆ هەنگاونان لەبەردەستدایە پێش ئەوەی وەرزی زستان بەتەواوی دەست پێ بکات».
لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی (ئۆچا) ڕایگەیاند بارانبارینی بەخوڕ بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەرفراوان، داڕمانی باڵەخانە زیانلێکەوتووەکان، زیانگەیاندن بە پەناگە و دامەزراوە مرۆییەکان و پەککەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە