19 خولەک پێش ئێستا
97 جار خوێنراوەتەوە
ئاسیاسێڵ تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم (جی ٥) ـی ڕاگەیاند
پهیام
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە بەغدا تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم (٥G) ی ڕاگەیاند و بە کردنەوەی یەکەم تاقیگەی توێژینەوە لە زانکۆی نەهرەین، یەکەم پەیوەندی و خێرایی ١٦٦٠ مێگابیتی لە چرکەیەکدا تۆمار کرد.
لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا و لە کاتی کردنەوەی یەکەم تاقیگەی نەوەی پێنجەم لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانیاری لە زانکۆی نەهرەین لە بەغدا، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بۆ خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و دیجیتاڵی، یەکەم پەیوەندیی بە تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم لەسەر خاکی عێراق ئەنجام دا.
هاوکات لە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆی خێراییدا، خێرایی ئینتەرنێتی مۆبایل گەیشتە ١٦٦٠ مێگابیت لە چرکەیەکدا بە ڕێژەی دواکەوتنی ٠,٦ میلی چرکە، کە بە وتەی کۆمپانیاکە بەرزترین خێراییە تا ئێستا لە وڵاتدا پێوانە کرابێت. ئەم پڕۆژەیە لە ژێر سەرپەرشتیی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن و بە پشتگیریی زانکۆی نەهرەین جێبەجێ دەکرێت، وەک تەواوکەری ڕێککەوتننامەی هاوبەشیی نێوانیان کە لە نیسانی ٢٠٢٦دا واژۆ کرابوو.
تاقیگەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان تەرخان کراوە و ژینگەیەکی کرداریی تەواو بۆ کارکردن لەسەر نەوەی پێنجەم دەخاتە بەردەست ئەندازیاران، توێژەران و خوێندکاران. لە ڕێگەی ئەم ناوەندەوە دەتوانرێت بەرنامەکان لە بوارەکانی ئینتەرنێتی شتەکان، زیرەکیی دەستکرد، شارە زیرەکەکان، پەیوەندییە زۆر خێراکان بە دواکەوتنی کەم و ژمێرکاریی پێشکەوتوودا دیزاین و تاقی بکرێنەوە و پشتڕاست بکرێنەوە، هاوکات ئەو شارەزاییە نیشتمانییانەش بنیات دەنرێن کە عێراق لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی بازرگانیی نەوەی پێنجەم پێویستی پێیەتی.
لە میانی چالاکییەکەدا، عامر ئەلسەنناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، ڕایگەیاند عێراق چووەتە سەردەمی نەوەی پێنجەمەوە و ئەنجامدانی یەکەم پەیوەندی و تۆمارکردنی بەرزترین خێرایی لە مێژووی وڵاتدا «تەنیا دەستکەوتێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی عێراق ئامادەیە بۆ نەوەی داهاتووی پەیوەندییەکان». ئەلسەنناع ئاماژەی بەوەش دا کە دانانی ئەم توانایە لە ناو زانکۆیەکی عێراقیدا وەبەرهێنانە لەو کەسانەی داهاتووی دیجیتاڵیی عێراق بنیات دەنێن، هەروەها سوپاسی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی کرد بۆ دیدگا و سەرپەرشتییەکەی و زانکۆی نەهرەینیشی بۆ هاوبەشییەکەی.
لە لای خۆیەوە، بەلیغ ئەبو گلل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، جەختی لە پابەندبوونی دەستەکەی کردەوە بە بەهێزکردنی ئەو تەکنەلۆژیایانەی گواستنەوەی دیجیتاڵی لە عێراق خێراتر دەکەن. ناوبراو وێڕای پیرۆزبایی لە ئاسیاسێڵ و زانکۆی نەهرەین، ئەو تاقیگەیەی بە «هەنگاوێکی گرنگ» بۆ ئامادەکردنی سیستەمی نیشتمانی و پێدانی ئامرازی پێویست بە ئەندازیاران و توێژەران ناو برد بۆ پەرەپێدانی چارەسەرێک کە خزمەتی هاووڵاتیانی عێراق و ئابووریی نیشتمانی بکات.
هاوکات ئەندازیار بەلاسم سالم، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، ئەوەی خستە ڕوو کە دەستەکە لە چوارچێوەی دیدگای داهاتوویی خۆیدا بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەیوەندییەکان، بەوپەڕی تواناوە پاڵپشتیی کەرتی پەروەردە لە عێراق دەکات. بە وتەی سالم، پڕۆژەی ئەم تاقیگەیە ژێرخانێک بۆ فێرخوازان دابین دەکات تاوەکو بە شێوەیەکی کرداری لەگەڵ نوێترین تەکنەلۆژیاکان کار بکەن و دەرچووی تایبەتمەند لە پسپۆڕیی تەکنەلۆژیاکانی نەوەی پێنجەم (٥G) دا پێبگەیەنرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە، ئەم دەستپێکردنە لە چوارچێوەی ستراتیژی ئاسیاسێڵدایە بۆ وەبەرهێنانی بەردەوام لە ژێرخانی تۆڕ، داهێنان و توانا نیشتمانییەکان، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی نەوەی پێنجەم لە وڵاتدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە