21 خولەک پێش ئێستا
81 جار خوێنراوەتەوە
ڕاوێژکارێکی زەیدی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری نەوت ڕادەگەیەنێت و وەزارەتی نەوتیش ڕەتیدەکاتەوە
پهیام
ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزیری نەوتی عێراق دەگۆڕێت و کەسێکی دیکە لە جێگای دادەنرێت.
عەبدولئەمیر تعێبان، ڕاوێژکاری عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق دەگۆڕدرێت و خۆشی نیازی دەستلەکارکێشانەوەی هەیە، هاوکات هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانیش کەسێکی گونجاوی داناوە، بۆ ئەو پۆستە.
ڕاوێژکارەکەی زەیدی، ئەوەشی ئاشکرا کرد پەرلەمانتار عەباس حەیالی لەلایەن هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کاندیدکراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری نەوت.
لەبەرانبەردا وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا، سەبارەت بە قسەکانی ڕاوێژکارەکەی زەیدی، ڕایگەیاند ئەوەی دراوەتە پاڵ وەزیر سەبارەت بە ویستی دەستلەکارکێشانەوەی، بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە و پشت بە هیچ لێدوان یان هەڵوێستێکی فەرمیی ئەو نابەستێت.
هاوکات وەزارەتی نەوت وتیشی جەخت دەکەینەوە وەزیری نەوت بەردەوامە لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی و بەدواداچوون بۆ کاروبار و پرۆژەکانی وەزارەت و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە