13 خولەک پێش ئێستا
84 جار خوێنراوەتەوە
حەیدەر عەبوودی: هێز بەرەو هەرێم جوڵەی پێناکرێت و مووچەش گەرەنتیکراوە
پهیام
وتەبێژی حکوومەتی عێراق، ڕایگەیاند هیچ هێزێک بەرەو هەرێم جووڵەی پێناکرێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە چوارچێوەی هیچ ناکۆکی و گفتوگۆیەکدا نییە و گەرەنتیکراوە.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، پاراستنی سامانی نەوت بەشێکە لە بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی سەرۆکوەزیران، هاوکات دەنگۆی جووڵەپێکردنی هێزەکانی سوپای عێراقی بەرەو هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە.
عەبودی ئاماژەی بەوەشکرد دەیان ملیار لە داهاتی قاچاخچێتیی نەوت دەچێتە گیرفانی تایبەتەوە و خەڵکی کوردستان هیچ سوودێکی لێ نابینن.
جەختیشی کردەوە کە حکوومەت دەستەوەستان نابێت و بەردەوامە لە ڕاوەدوونانی قاچاخچییەکان، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان و ئاشکراکردنی تاوانباران لە سەرجەم پارێزگاکان. هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەش کە ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران ڕوونن بۆ ڕێگریکردن لە بەقاچاخبردن و بەفیڕۆدانی سامانی نەوت کە کۆمەڵێک کەسی گەندەڵ سوودی لێببین.
وتەبێژی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە، سەرۆکوەزیران جەختی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە بێ جیاوازیکردن لەنێوان پارێزگاکاندا و بەرگری لە مافی هەموو عێراقییەکان دەکات لە زاخۆوە تا بەسڕە.
ڕوونیشی کردەوە کە مافەکانی خەڵکی کوردستان بە دەستوور پارێزراون، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوورە لە هەر ناکۆکییەک و حکوومەت سوورە لەسەر دابینکردنی شایستەکانی عێراقییەکان بە خەڵکی هەرێمی کوردستانیشەوە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا.
لە کۆتاییدا عەبودی ئاماژەی بەوە دا کە دەستوور زامنی یەکێتیی عێراق و مافەکانی خەڵکە و هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سامانی وڵات بەردەوامە. هەروەها ڕایگەیاند حکوومەت توانیویەتی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە عێراق بگەڕێنێتەوە، و ئەو پارانەشی لە گەندەڵکاران وەردەگیرێنەوە دەخرێنە ناو «سندووقی نەوەکان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە