18 خولەک پێش ئێستا
102 جار خوێنراوەتەوە
عێراق: پڕۆسهی داخستنی دهروازه نافهرمییهكان دهستی پێ كرد
پهیام
فەرماندەیی فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراقی رایگەیاند، بە پێی ڕێنمایی و بڕیارەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان پڕۆسەی داخستنی دەروازە نافەرمییەکان دەستی پێ کردووە.
فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی بە تەکنەلۆژیای زیرەک ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش دا، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران دەستیان بە داخستنی دەروازە نافەرمییەکان کردووە بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتیی نەوت.
فەریق محەمەد عەبدولوەهاب سوکر ئەلسەعیدی، فەرماندەی هێزەکانی سنوور، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند، فەرماندەییەکەیان دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی فەرمانەکە بۆ داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان. ڕوونیشی کردەوە کە هێزەکانی سنوور بەرپرسن لە پشتێنەی سنووری نەک دەروازەکان، بەوپێیەی دەروازە سنوورییەکان لە تایبەتمەندیی دەستەی دەروازە سنوورییەکاندان، هاوکات ئاماژەی بە بوونی هەوڵ و ڕاسپاردەیەک کرد بۆ یەکخستنی ناوەندێتیی دەروازەکانی هەرێم لەگەڵ دەروازەکانی دیکەی وڵاتدا.
شایەنی باسە عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆمەڵێک بڕیار و ڕێکاری لەبارەی قاچاخچێتیی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەرکردبوو؛ لەوانە ڕاسپاردنی فەرماندەیی هێزەکانی سنوور بۆ داخستنی دەروازە نافەرمییەکان لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە، هەروەها ڕاسپاردنی وەزارەتی بەرگری بۆ ئەوەی لیواکانی بایەخی هاوبەش (یەکەم و دووەم) سەرجەم ڕێگە خۆڵ و لاوەکییەکانی نێوان پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین، کەرکووک و نەینەوا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دابخەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە