30 خولەک پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
ملیۆنێك و 200 هەزار لیتر نەوتی قاچاخ لەمساڵدا لە عێراق گیراوە
پەیام
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی
عێراق ڕایگەیاند، لەماوەی 10 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج هەزار ئەركی مەیدانییان
بۆ ڕاوەدوونانی تۆڕەكانی قاچاخچێتیی نەوت ئەنجام داوە و دەستیان بەسەر زیاتر لە یەك
ملیۆن و 200 هەزار لیتر بەرهەمی نەوتیدا گرتووە.
ئەرشەد حاكم، وتەبێژی دەزگای
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا، ئاشكرای كرد كە دەزگاكەیان لەماوەی نێوان
1ی كانوونی دووەم تاوەكو 1ی تشرینی دووەمی 2026، پێنج هەزار و 398 ئەركی مەیدانیی
لە 10 پارێزگادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەكانی قاچاخچێتیی نەوت و بەرهەمەكانی ئەنجام
داوە و نزیكەی 240 فەرمانی دەستگیركردنیشیان جێبەجێ كردووە.
وتەبێژەكە ڕوونی كردەوە
كە دیارترین چالاكییەكانیان بریتی بووە لە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێكی دزینی نەوتی خاو
لە پارێزگای موسەننا كە داهاتی مانگانەیان دەگەیشتە نزیكەی 50 ملیۆن دینار، لەگەڵ
دەستبەسەرداگرتنی چوار شوێنی كۆگاكردن و قاچاخچێتیی نەوت لە بەسرە و زیقار و سێ شوێنی
دیكە لە بەسرە كە كونكردن و دزەپێكردن لە بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوتدا كرابوون، ئەمەش
سەرەڕای داخستنی كونێكی بۆریی نەوت لە ناوچەی "لوحێس".
لە میانەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا،
دەست بەسەر 138 تانكەر و كۆگا، ژمارەیەك كارتی ماستەركارد و بەڵگەنامەی نایاساییدا
گیراوە و زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 هەزار لیتر بەرهەمی نەوتیش دەستیان بەسەردا گیراوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
جەختیشی كردەوە كە هەماهەنگییەكانی لەگەڵ دادگا، وەزارەتی نەوت و دەزگا ئەمنییەكان
بەردەوام دەبێت بۆ وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی قاچاخچییەكان.
كەمێك لەمەوبەریش ئاژانسی
هەواڵگریی عێراق بڵاویكردەوە توانیویانە هەوڵێكی بردنەدەرەوەی بەرهەمە نەوتییەكان
پوچەڵ بكەنەوە و دوو كەسیش دەستگیر بكەن كە ویستوویانە 36 هەزار لیتریدا سووتەمەنی بەقاچاخ ببەنە دەرەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە