فاروق عه‌لی 07/02/2025 415 جار خوێنراوەتەوە

شەرمەزارینامە

ماوەی چەند ڕۆژێکە دەمویست وەکو کەمترین هەڵوێست بۆ پشتیوانی لە داوای ڕەوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو شتێک بنووسم، بەڵام لەڕاستیدا هەستم بە شەرمەزارییەکی زۆرکرد، کە تەنها نووسینێکم لە دەستبێت بۆ پاڵپشتییان !
ئەگەرچی نەهێشتنەوەی بەڕێزانی مانگرتوو بەتەنها و پشتیوانیکردنیان بە هەرشێوازێک بێت، جێگای ستایش و (أچعف الإیمان)ـە.
ئەوەی ئەو بەڕێزانە ئەنجامیان داوە کە لە جیاتیی هەموو هاووڵاتیان هاتونەتە دەنگ و ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە، جێگای ستایشە و بە زمان و قەڵەم وەسف ناکرێن، مێژووییەکی گەورەیان تۆمار کردووە، ئیدی دەسەڵات بەخەبەر بێنێت یان نا!

ئەوانەشی کە پشتیوان هاوخەمیانن و سەردانیان دەکەن، جێگای ڕێزن و پشتیوانیان بۆ مانگرتووان هێز و تاقەتە.

دەبێ ئەوەش بزانرێت، بە بڕوای من خوانەخواستە ئەگەر یەکێک لەو مانگرتووە بەڕێزانە ببێتە قوربانیی، چونکە بەپێی قسه‌ی پسپۆڕانی بواری تەندروستی "ئیتر جەستەیان بەرگری دادەبەزێت و بەرەولاوازی دەڕوات" ئەوا هەموومان بەرپرسیار دەبین لە بەرامبەر خودای گەورەدا.

بۆیە ئەوەندە بەس نییە بۆ پشتگیریی مانگرتووان کە سەردانیان بکرێت و ستایش بکرێن، بەڵکو پێویستە شێوازی پشتیوانییکردنەکە بگۆڕدرێت، ئەگینا مەحاڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم موی جەستەیان بجوڵێ لەخەمی مانگرتوواندا.
باشترین پشتیوانیش ئەوەیە مانگرتنی جەماوەری ڕابگەیەنرێت و هەمو چین و توێژەکان تیایدا بەشداربن، بە فەرمانگە و زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و دوکان و بازاڕ و .. هتد.
بەشێوەیەک وەک سەردەمی کۆرۆنا ژیان ڕابگیرێت، تەنها ئەوە بکرێت و هاووڵاتی لەماڵی خۆی دابنیشێ و نەچێتە دەرەوە باشترین پشتیوانی دەبێت.

ل ەئێران لەبەرامبەر گیان لەدەستدانی "ژینا ئه‌مینی" کە دڵنیاش نەبوون لە هۆکاری گیان لە دەستدانی، هاووڵاتییان دوکان و بازاڕیان داخست، ئەی چی دەبێت ئێمە هەموومان بۆ دەستکەوتنی مافی ڕەوامان، پێکەوە خەباتی مەدەنی بکەین کە هەموویان مافی سەرەتایین و ئەرکی سەرشانی هەر حکومەتێکە ئەو مافانە بۆ هاووڵاتی دابین بکات.

دڵنیام ئەگەر خەبات لەپێناو چاکسازیی نەبێتە داخوازییەکی جەماوەریی گشتگیر و هه‌موومان پشتگیر و پشتیوانیان نه‌بین، ئەوا ئەنجامی نابێت و خەباتی مانگرتووەکانیش  ره‌نگه‌ ئه‌و ئامانجه‌ نه‌پێكێت و ئه‌وه‌ به‌ ده‌ستنه‌یات كه‌ له‌ پێناویدا مانگرتن راگه‌یه‌ندراوه‌، !
بۆیە پێش ئەوەی مانگرتووان بەگیانیان قوربانی بدەن، پێویستە خەباتەکە بکەینە هەڵوێستێکی جەماوەریی ئەگینا دوایی عەرەقی شەرمەزاریی هیچ شتێک سەوز ناکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا