فاروق عهلی
22/03/2021
754 جار خوێنراوەتەوە
لەنێوان من و مردن دا، دوو هەنگاو
هەژدەساڵ لەمەو بەرو لەشەوی ۲٠٠۳/۳/۲۲ کەوتینە بەر هێرشی موشەکەکانی ئەمەریکا، دەکرێت بڵێین: ئەمەریکیەکان بەهەڵە ئێمەیان بۆردومان کرد، بەڵام ناکرێت هەمان گومانمان بۆ چاوساغەکانی ئەمریکا هەبێت.
بەدڵنیاییەوە هەردوو بەرەی شەڕ (یەکێتی و ئەنصار) هەوڵی ئەوەیان دەدا کۆمەڵ بەوشەڕەوە بئاڵێنرێت، کۆمەڵێك رووداو ئەوراستیە دەسەلمێنن، بەڵام سەرکردایەتی کۆمەڵ لەوە لێزان و وردتر بوو بکەوێتە داوێکی لەوجۆرەوە، ئەگەرچی قوربانییەکانمان زۆربوون بەئێستاشەوە خوێن لەجەستەمان دەچۆڕێت، بەڵام پێمانوابوو مانەوەی کۆمەڵ و بەردەوامی ئەو رێبازەی براو هاوسەنگەرەکانمان لەپێناوی دا گیانیان بەخشی، باشترین بژاردەبوو کە کۆمەڵ هەڵی بژارد.
ئەوکاتەی بەر پەلامارەکەکەوتین، لەگەڵ ژمارەیەک لەو برایانەی شەهید بوون، پێکەوە لەیەک ژوور بووین جیاوازیمان تەنها دەرگای چونە دەرەوەبوو، کە ئەو ژوورە دوو دەرگای هەبوو، من بەبڕیاری پەروەردگار لەدەرگایەکەوە رۆیشتمە دەرەوە، دوو تاسێ هەنگاو دوورتر لەودەرگایەی برایانی تر هەڵیان بژارد، لەوکاتەدا موشەکێکمان بەرکەوت، بەداخەوە سەرجەم ئەوبرایانە شەهید بوون، منیش چەند هەنگاوێک هەڵیدام و کەوتم بەئەرزدا، ئەوبرایانەمان خودا بەشەهید قبووڵیان بکات گیانیان بەخشی، ئێمە دەرفەتی ژیانمان پێدرا لەلایەن پەروەردگارەوە، دڵنیام ئەوان خۆشبەختن، بەڵام هێشتا ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەداین ئاخۆ عاقبەتمان چۆن دەبێت؟
لەخوا دەپاڕێمەوە قوربانییەکانمان بەشەهید قبووڵ بکات و لەگەڵ پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و پیاوچاکان و شەهیدان دا حەشریان بکات و ڕێنمونی ئێمەش بکات، بەردەوام بین لەسەرڕێبازی ئیسلامەتی و ڕاوەستاو بین لەسەربیرو باوەڕی راست و دروستی ئیسلام.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی فاروق عهلی