فاروق عه‌لی
24/03/2020
478 جار خوێنراوەتەوە
ببه‌خشن گه‌ر به له‌ته خورمایه‌کیش بێت
به‌خشین و هاوکارییکردنی خه‌ڵکانی هه‌ژار و که‌مده‌رامه‌ت په‌یوه‌ست نیه به‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبیت له‌ڕووی داراییه‌وه، گرنگ ده‌وڵه‌مه‌ندیی دڵ و ده‌روونه، زۆرن ئه‌وانه‌ی خوای گه‌وره سه‌روه‌ت و سامانی پێ داون و لێی نابه‌خشن، هه‌روه‌ک چۆن زۆریشن له‌و خه‌ڵکانه‌ی ئه‌گه‌ر نانێکیان هه‌بێ ئاماده‌ن له‌تێکی ببه‌خشن.
به‌خشین به زۆری و که‌می نیه، پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای له‌سه‌ر) ده‌فه‌رمووێ: (اتقوا النار ولوا بشق تمرة) واته: خۆتان له‌ئاگر دوورخه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر به به‌خشینی له‌ته خورمایه‌ک بێت! خۆ ئه‌گه‌ر له‌ته خورمایه‌کیشت نه‌بوو بیبه‌خشی (فبكلمة طيبة) به وته‌ی جوان ده‌توانی به‌هه‌شت مسۆگه‌ر بکه‌ی، به‌وه‌ی دوعای خێر بکه بۆ ئه‌وانه‌ی که ده‌به‌خشن، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌توانی باش بڵێیت، ئه‌وا بێده‌نگی هه‌ڵبژێره.
له‌م ڕۆژگاره‌دا به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ی کاری چاکه ده‌که‌ن یان ده‌به‌خشن، زۆرجار ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه ده‌بنه‌وه، مادام کاره‌که‌یان بڵاو ده‌که‌نه‌وه بۆ ڕیایی و سوپاسکردنیانه له‌لایه‌ن خه‌ڵکییه‌وه، ئاخر تۆ دڵی ئه‌م که‌سه‌ت له‌ت نه‌کردووه بزانیت مه‌به‌ست له‌م کاره‌ی چیه، ئه‌وه لێگه‌ڕێ بۆ خوا، بۆ خۆی ئاگای له ئاشکرا و په‌نهانه (وماتخفي الصدور)! بۆ دونیای بێت یان بۆ قیامه‌تی گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ژارێکی تێر کردووه با که‌میش بێت، هه‌ژارێک نه‌فسی بشکێت باشتره تا خوانه‌خواسته له‌به‌ر نه‌بوونی له‌برسانا منداڵه‌کانی بمرن یان خووڕه‌وشتی له‌ده‌ست بدات، له‌بری ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه ده‌گری تۆش وه‌ک ئه‌و بکه و به‌ڵام بۆ خوای بکه، زۆرجار به‌خشینه‌کان که به‌ئاشکرا ده‌کرێن ده‌بێته هۆکارێک که خه‌ڵکی تر ته‌شویق ببن و ئه‌وانیش ببه‌خشن، خوای میهره‌بان ده‌فه‌رمووێت: (الَّذِينَ يُنفِقُونَ أَمْوَالَهُم بِاللَّيْلِ وَالنَّهَارِ سِرًّا وَعَلَانِيَةً فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِندَ رَبِّهِمْ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ) البقرة٢٧٤، واته: ئه‌وانه‌ی ماڵه‌کانیان ده‌به‌خشن به شه‌و بێ یان به ڕۆژ، به په‌نهانی یان به ئاشکرا ئه‌وانه پاداشتیان لای خوایه.
به‌ڵێ ئایه‌تی پێشووتر له هه‌مان سووره‌ت ئاماژه به‌وه ده‌کات ئه‌گه‌ر نهێنی بێت باشتره، له فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خواش دا (صلی الله علیه وسلم) هاتووه به نهێنی بێت خێری زیاتره، به‌ڵام به‌و مانایه نیه که ئاشکرابوو ئیتر خێری تیا نیه و بۆ ڕیایی و ڕووپاماییه.
بۆ هه‌ژار هیچ شتێک که‌م نیه، ئه‌وکاته‌ی ماڵێکی هه‌ژار ته‌له‌فۆن ده‌کات و به گریانه‌وه ده‌ڵێ سوێند به‌خوا سێ هێلکه‌مان هه‌بووه نیوه‌ڕۆ خواردومانه و بۆ ئێواره هیچمان نیه، ئه‌وکات ده‌زانی سه‌به‌ته‌یه‌ک خۆراک گه‌ر بایی پێنج هه‌زاریش بێت که‌م نیه، ڕێگر مه‌بن له به‌خشین، خه‌ڵک سارد مه‌که‌نه‌وه له‌کاری هه‌ر موسڵمانێک بۆ هاوکاری کردنی هه‌ژاران با به‌خشینه‌که هی خۆشی نه‌بێ، ئه‌و موسڵمانه‌ی له‌ماڵه‌وه دانانیشێت و له‌خه‌می هه‌ژاراندایه جێگه‌ی ستاییش و سوپاسه، پێویسته تۆ که له‌ماڵه‌وه دانیشتوویت سوپاسی بکه‌یت که ئه‌و ئه‌رکه‌ی له‌سه‌رتۆ لابردووه. ئه‌وه لێگه‌ڕێ بۆ خوا ئاخۆ بۆ ڕووپامایی ده‌یکا یان له‌پێناو خوا، من به‌شبه‌حاڵی خۆم سوپاسی هه‌ر که‌سێک ده‌که‌م که به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان هاوکاریی و ده‌ستگیرۆیی هه‌ژاران ده‌کات، له‌خوای میهره‌بان ده‌پاڕێمه‌وه ڕزقی خێرۆمه‌نده‌کانمان زیاد بکات و ده‌رووی خێریش له هه‌ژاران بكاته‌وه و ئه‌م به‌ڵا و نه‌خۆشییه‌شمان له‌سه‌ر هه‌ڵبگرێ.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی فاروق عه‌لی